لیوا عەبدولقەھار دۆسکی: پێشمەرگە بەرگریی کرد و نەیھێشت کۆبانێ بکەوێت
__2020_10_28_h16m57s10__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بەرەو شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ کەوت و فەرماندەیەکی بەشدار لە شەڕەکانی کۆبانێدا دەڵێت، سەرۆک بارزانی پێی گوتوون لەوانەیە کەستان نەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە کوردایەتییە و بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆمان دەکەین.
لیوا عەبدولقەھار دۆسکی، فەرماندەی تۆپخانەی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە مەترسیی کەوتن و خەریک بوو تیرۆریستانی داعش ئەو شارەی کوردستان داگیر بکەن، سەرۆک بارزانی فەرمانی دەرکرد ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پشتیوانیی ھێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕزگارکردنی کۆبانێ بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٤ ھێزێکی پێشمەرگە لە ھەردوو ھێزی پشتیوانیی یەک و دوو بەرەو شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ کەوتن."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێت: "بەشێک لە ھێزەکانمان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بەڕێ کەوتن و بەشێکی دیکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە، شەو گەیشتینە تورکیا لەسەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، بێگومان چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بە ھەماھەنگیی ھاوپەیمانان بوو لەسەر خاکی تورکیا، برادەرانی یەپەگە پەیوەندییان پێوە کردین و گوتیان ڕەوش زۆر خراپە و ٨٥%ی کۆبانێ کەوتووەتە دەستی داعش و ئەگەر پێشمەرگە بە پەلە نەگاتە شوێنی مەبەست شارەکە ھەمووی داگیر دەکرێت. ئێمە بۆ ڕۆژی دواتر بەبێ ئەوەی ئیزن لە ھاوپەیمانان و تورکیا وەربگرین خۆمان گەیاندە کۆبانێ."
دۆسکی باس لە ساتی گەیشتنیان بۆ کۆبانێ دەکات و دەڵێت: "کاتێک ھێزەکانمان گەیشتنە کۆبانێ، ئەو ھێزانەی ئەوێ پێشوازیی زۆر گەرمیان لێ کردین کە پێک ھاتبوون لە یەپەگە و سوپای ئازاد، ئیدی کەوتینە شەڕکردن و بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش بووینەوە، سەرەنجام ھێزی پێشمەرگە توانیی شاری کۆبانێ لە دەستی داعش ڕزگار بکات و ھەتا بەشێک لە ناوچەکانی حەسەکەشمان ئازاد کرد."
لیوا عەبدولقەھار دۆسکی جەختی کردەوە: "ھەستی کوردایەتی وای کرد سەرۆک بارزانی فەرمان بدات ھێزی پێشمەرگە بە ھەرشێوەیەک بگاتە ڕۆژئاوای کوردستان و نەھێڵێت خاکی کوردان بکەوێتە دەست دوژمن. پێش ئەوەی بەڕێ بکەوین بۆ کۆبانێ، سەرۆک بارزانی پێی ڕاگەیاندین کە ئەگەری ئەوەیە ھەیە ئێوە بڕۆن بۆ کۆبانێ و نەگەڕێنەوە و ھەمووتان شەھید ببن، بەڵام ئەوە کوردایەتییە و ناچارین بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆمان بکەین. ئێستاش بڕیار ھەبێت بۆ کوردایەتی و بەرگری، ئێمە وەک پێشمەرگە ئامادەین بچینە ھەموو شوێنێک."
قائید میرۆ




