بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ KDP.info: ئەمڕۆ بازنەی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک دیاری دەکرێت

هەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنێ کۆ بووەوە و بۆ دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان مشتومڕی لەسەر بوو، پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنەکان هەبوو، چونکە ئەم ناوچانە فرەنەتەوەن، نەینەوای دابەش کرد بەسەر هەشت بازنەدا، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت، ئەمڕۆ ڕەنگە بازنەکانی کەرکووکیش دیاری بکرێت و تەواو بێت.
۲٤ی ۱۰ی ۲۰۲۰ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بازنەکانی هەڵبژاردنی ۱٦ پارێزگای پەسەند کرد جگە لە کەرکووک، دواتر دوای دوو ڕۆژ، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا کۆ بووەوە، نەینەوای بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەش کرد بە ئامادەبوونی ۱۷۲ ئەندامی ئەنجومەن.
پەیوەست بە پارێزگای کەرکووک و دەورووبەری، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەسرۆ گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لایەنە کوردستانییەکان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تا ڕادەیەک ڕێککەتنێک لە نێوانیاندا هەیە لەبارەی دیاریکردنی بازنەکانی کەرکووک، ئەوە ماوەی یەک هەفتەیە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدایە و، ڕۆژانە لە کۆبونەوەدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی نوێنەران، دەربارەی دیاریکردنی بازنەکانی کەرکووک."
گۆران، گوتیشی: "بازنەکانی مووسڵ و نەینەوا دابەش کرا بەسەر هەشت بازنەدا، کە کورسییەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان دانراون، بازنەکانی هەڵبژاردن لە سێ بۆ پێنج کورسین و گوتی لەنێو مووسڵدا سێ بازنە هەن و باشووری مووسڵ و بەعاج یەک بازنە دەبن کە هەمووی عەرەبن."
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت: "ئێستا كێشهی سهرهكی لهسهر بازنهی ناوهڕاستی كهركووكه، كه پێكهاتهكانی شارهكه به یهكهوه تێیدا هاوبهشن و فرەنەتەوەن."
فایزە کۆیی




