لە ئاکرێ و بەردەڕەش، کۆمەڵێک پرۆڕە جێبەجێ دەکرێت
__2020_10_28_h15m12s2__ER.jpg)
ئاکرێ-KDP.info- بڕیارە لە قەزای ئاکرێ بە گوژمەی ٢٠ ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ بکرێت و لە قەزای بەردەرەشیش کۆمەڵێک جێبەجێ دەکرێت و پڕۆژەکان بە لیست ئاراستەی پارێزگای دھۆک کراون.
مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەسەر داوای پارێزگای دھۆک بە گوژمەی ٢٠ملیار دینار کە نزیکەی ٥٠ پڕۆژەی جۆراوجۆرە ئاراستەی پارێزگای دھۆکمان کردووە و چاوەڕێی ڕەزامەندی دەکەین و ھەرکاتێک ڕەزامەندی درا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، چونکە پێویستە پارەیان بۆ تەرخان بکرێت."
قایمقامی قەزای بەردەڕەش، خەلیل مەحموود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمەش لیستی پڕۆژەکانی خۆمان ئاراستەی پارێزگای دھۆک کردووە کە کۆمەڵێک پڕۆژەی جۆراوجۆرن، چونکە پارێزگا داوای لە ئێمە کردبوو کە لیستی پڕۆژەکانی خۆمان بۆ ئەوان ڕەوانە بکەین."
خەلیل مەحموود گوتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت لەبارەی ئەنجامدان و تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی قەزاکە بکات، بۆیە پڕۆژەکان ئامادەن و چاوەڕێی تەرخانکردنی پارەکە دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




