٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامێدی..خەڵك بە ترسەوە ژیان تێدەپەڕێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ئامێدی-KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی رایگەیاند، بە ھۆی بوونی پەكەكە لە سنووری قەزاكە و بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، زیانێكی گیانی و ماددیی زۆر بەر سنووری قەزای ئامێدی كەوتووە، بە جۆرێك ١٩٨ گوند چۆڵ كراون و٣٠ كەسیش شەھید بوونە.

ئیسماعیل مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە سنووری قەزای ئامێدی لە كۆی ٣٤٨ گوند، تا ئێستا ١٩٨گوند بە ھۆی بۆردوومانی توركیا و بوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا چۆڵ كراون، خەڵكیش ناتوانن بچنە گوندەكان و تەنھا لە ناحیەی شێلادزێش لە كۆی ٩١ گوند، تا ئێستا ٨٥ گوند چۆڵ كراون.

مستەفا گوتیشی، ژیانی خەڵكی ناوچەكە بە ھۆی پەكەكەوە بەردەوام لە مەترسیدایە و تەنھا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ٣٠ كەس شەھید بوون، بۆیە خەڵك بە ترسەوە ژیان تێدەپەڕێنێت.

قایمقامی قەزای ئامێدی ڕوونیشی كردەوە، ئاوارەبوونی خەڵكی بە ھۆی بوونی ئەو مەترسییەوە بۆ دھۆك و سەنتەری قەزای ئامێدی بەردەوامە، چونكە ژیان بەو شێوەیەی لە ناوچەكەدا بە ھۆی پەكەكەوە ھەیە، زۆر زەحمەتە.

دەشڵێ، چارەسەر زەحمەتە، بە ھۆی ئەوەی تەنھا ئەمساڵ لە سنووری ئامێدی ھەزار و٥٠٠ مێشەوان دەستیان لە كاری خۆیان بەرداوە و شەش ھەزار دۆنم زەویی رەز و باغ تەنھا ئەمساڵ لەناو چوون، كە بەرھەمەكانیان بە ھۆی ئەوەی خەڵك لە ترسان نەوێراون بچن بۆ سەر رەزەكانیان، ھەمووی لەناو چوون و هەروەها ھەزار دۆنمی بەراو لەناو چووە و كەسیش ناوێریت بچێتە شوێنی گەشتیاری و چەندین شوێن داخراون.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار