مەشق و ڕاھێنان لە ھەردوو کۆلیژی سەربازیی ھەرێم دەست پێ دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، بەھۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە مەشق و ڕاھێنان لە ھەردوو کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان و زاخۆ ڕاگیرابوو، بەڵام بڕیار درا کە دەست پێ بکرێتەوە و ئێستا دەستی پێ کردووەتەوە.
لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆناوە مەشق و ڕاھێنان نەک تەنھا لە ھەرێمی کوردستان، لە کۆلێژە سەربازییەکانی عێراقیش ڕاگیرا و قوتابییان نێردرانەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دەستی پێ کردووەتەوە و بڕیاری لێ درا، چونکە لە عێراقیش دەستی پێ کردووەتەوە."
کەمال باسی لەوەش کرد: "لە ھەرێمی کوردستان دوو کۆلێژی سەربازیمان ھەیە؛ یەکێک لە قەڵاچوالانە کە ٣٥٠ قوتابی لێیە و ئەوی دیکەش لە زاخۆیە کە ئەویش ٣٥٠ قوتابیی ھەیە و کۆی گشتی دەکاتە ٧٠٠ قوتابی، ئێستا ئەوەی قەڵاچوالان دەستی بە مەشق و ڕاھێنان کردووەتەوە و ئەوەی زاخۆش لە سەری مانگەوە دەست بە مەشق و ڕاھێنان دەکاتەوە."
گوتیشی: "ڕاھێنەرەکانی مەشق و ڕاھێنان بە قوتابیانی ئەو دوو کۆلێژە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانن، نەک لە دەرەوە."
بڵند ئیبراھیم




