٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هورمی: هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ تیمى لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) جێگای بایەخە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەکی کەیسی جینۆساید دەڵێت، حکوومەتی هەرێم هەموو ئاسانکارییەکی بۆ تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش یونیتاد (UNITAD)کردووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و جێی بایەخە بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندن.

دوێنێ، یەکشەممە 2020/10/25، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاریش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون، بۆ زەمینەخۆشکردن لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

حەسۆ هورمی، لە لێدوانێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''هەر لە کابینەکەی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەم کابینەش ئاسانکاریی تەواو بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئیزدییان کراوە و بەڵگەی تەواویش پێشکێشی ئەو تیمە کراوە بۆ دادگاییکردنی ئەو تاوانانە لەسەر ئاستی جیهان، بەپێی بریاری نێودەوڵەتی.

هورمی ئاماژەیشی دا: "جێگای داخە لە یاسای دادوەریی عێراقدا بڕیار و یاسای جینۆساید نییە، بۆیەش ئێزدییەکان داوای دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ دادگاییکردنی تاوانباران، چونکە ئەوەی لە یاسای عێراقیدا هەیە یاسای دژی تیرۆر بەپێی ماددەی چوارە، ئەمەش لەلای ئێزدییەکان شتێکی قبووڵکراو نییە."

 

كــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار