٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جیھاد حەسەن: زانیارییەکانی حکوومەتی ھەرێم دەربارەی نەوت لەسەر ئاستی جیھان جێی بڕواپێکردنە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتی، ئەو زانیارییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای دیلۆیت بڵاویان دەکاتەوە جێی بڕواپێکردنە؛ ھەم لەلایەن حکوومەتی عێراق و ھەم لەلایەن وڵاتانی جیھانیشەوە، بۆیە پرۆسەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر شەفافە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەلایەن کۆمپانیای جیھانیی ''دیلۆیت''ەوە وردبینی لە پرۆسەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات و ھەندێک پەرلەمانتاریش بۆ بەرژوەندیی خۆیان بەردەوام ڕەخنەی لێ دەگرن. لەوبارەیەوە ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، جیھاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆمپانیایی دیلۆیت کۆمپانیایەکی جیھانییە و ناوی خۆی بۆ کەس خراپ ناکات و پرۆسەی نەوت بە چ شێوەیەک بێت لە ھەرێمی کوردستان بەو شێوەیە بڵاوی دەکاتەوە، بۆیە ئەو زانیارییانەی بڵاویان دەکاتەوە وەک خۆی زۆر بە شەفافی بڵاویان دەکاتەوە."

جیھاد حەسەن گوتیشی: "ئەوانەی ڕەخنە دەگرن ناحەزی ھەرێمی کوردستانن، ئەگەرنا کۆمپانیایی دیلۆیت بەرھەمھێنان و فرۆشتن و پرۆسەکە بەتەواوی وردبینیی لێ دەکات و دواتر حکوومەت بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکاتەوە."

گوتیشی: "ئەو زانیارییانە لەلایەن وڵاتانی جیھانەوە جێی بڕواپێکردنن و حکوومەتی عێراقیش وردبینیی کردبوو ھەمان ئەو زانیارییانە دەرچوو کە ھەرێم بڵاوی دەکاتەوە، بۆیە ئێستا پرۆسەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر ڕوون و شەفافە و زانیارییەکان بەوردی ھەمووی بڵاو دەکرێنەوە."

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار