داستانی سحێلا؛ گەلی کورد سەرکەوت.. دوژمن شکا و چەما

دهۆک-KDP.info- فەرماندەکانی پێـشمەرگە باسی وردەکارییە سەربازییەکان و پلانی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەن و دەڵێن. لە داستانی سحێلا گەلی کورد بڕیاری مان و نەمانی دا و توانیی شکستێک بەسەر دوژمن بێنێت کە هەرگیز لە خەیاڵیاندا نەبوو.
داستانی سحێلاش داستانێکی تر بوو لەو سەرکەوتنە پر گەوھەرانەی کورد و کوردستان و پێشمەرگە کە لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ شکستێک بەسەر دوژمنان و داگیرکاران هات لەپێناو مانەوەی گەلێک بە خۆنەچەمێنی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
لە داستانی سحێلاش ھەروەک داستانی پردێ، دوژمن خۆی نەگرت و شکا و چەما و خۆی لەبەرامبەر ئازایی و نەبەردیی پێشمەرگە نەگرت و ھەر زوو ددانیان بە شکستیاندا نا.
شێخ عەلی گەلی ڕومانی، فەرماندەی فەرماندەییی پێشمەرگەی دهۆک دەڵێت: ''لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە حەشد وای دانابوو لە هەندێک لای ترەوە دەتوانێت هێرش بکات و بەبێ شەڕ داخلی کوردستان دەبێت، بەڵام نەیزانی ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە."
شەڕەکە چۆن دەستی پێ کرد؟
شێخ عەلی گەلی ڕومانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو شەڕە لەسەر پێشمەرگە فەڕز کرا و نەمانەویست شەڕ بکەین، بەڵام ئەوان دەستیان بە شەڕەکە کرد و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بوو، ئەوان زیاتر لە ١٠٠ تانکیان هێنابووە ناوچەی سحێلا و زیاتر لە ٨٥٠ ئالیاتی حەشد و سوپای عێراق و چەندین وەڵات ڕووبەڕووی پێشمەرگە بوونەوە، جگە لە کاتیۆشا و چەکی سووک و مامناوەند لە زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتردا خۆیان ئامادە کردبوو بۆ شەڕ، جارێک هێرشیان کردبوو لە ناوچەی مەحموودیە، لە ٢٢ی مانگ پێش داستانی سحێلا، بەڵام شکستیان هێنابوو، بۆیەش خۆیان باش ئامادە کردبوو.''
بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، گەلی کورد مێژووی خۆنەچەماندنی خستە نێو خەباتی فیداکاریی خۆیەوە و داستانی سحێلا بە فەرماندەییی فەرماندەی دوژمنبەزێنی ھەرە بەتوانا، جەنابی مەنسوور بارزانی بوو، ئەو، لەوێ بە ھەموو پێشمەرگەکانی گوت: ''خوێنی من لە ھی ئێوە عەزیزتر نییە، گەر دوژمن لێرە دەرباز ببێت، مان و نەمانی ئێمەیە''.
ئیتر کە بڕیاری مان و نەمان درا، لەوێش پێشمەرگە بە داستان وەڵامی دوژمن و خیانەتکارانی دایەوە، دەرسێکی وایان دا بە دوژمن و خیانەتکاران کە ئیتر بۆ جارێکی تر بیر لە ھێرش بۆ سەر کوردستان نەکەنەوە.
زیانەکان
'' ئەوان پلانیان دانابوو هەر لە ناوچەی مەحموودیە و عەینعوێزەوە تا سحێلا هێرش بکەن، لە بەرەبەیانییەوە کاتژمێر ٥ی بەیانی دەستیان بە بۆردوومانکردن کرد و کاتژمێر ٧ی بەیانی ٢٦ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ هێرشەکە دەستی پێ کرد و شەڕەکە بەردەوام بوو تا ٥ی ئێوارە و هێرش لە دوای هێرش بوو، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چەکدارانی ئەوان کوژران، جگە لە بریندارەکانیان و، چەندین تانک کەوتنە دەست پێشمەرگە و زیاتر لە ٢٠ هەمەر و زیاتر لە ١٥٠ ئالیەتی دیکەیان سووتێندارن و پێشمەرگە بەرگرییەکی توندیان کرد.'' شێخ عەلی گەلی ڕومانی وای گوت.
ئاماژەیشی دا: ''دواتر پێشمەرگە خۆی ئامادە کرد بۆ هێرشکردن، بەڵام ئاگربەست ڕاگەیاندرا و شەڕەکە ڕاوەستا، بەڵام شەڕەکەرەکان تەنیا عێراقی نەبوون، چەندین لایەنی تر بوون، بەڵگەشمان لایە."
بۆچی سحێلا؟
فەرماندە لیوا بەهجەت سێلکی، ئەندامی فەرماندەییی زێرەڤانی دەڵێت: "ئامانجی ئەو سوپایە تەنیا بۆ ئەوە نەبوو کە ئەو ناوچانەی جێناکۆکن داگیریان بکەن، نیازیان وابوو تەواوی کوردستان داگیر بکەن و ئەم قەوارەیە لەنێو ببەن. سەرۆک بارزانی بڕیاری دا کە شەڕی مان و نەمان بکەین و هەر ئەو ڕۆژە لووتی دوژمن شکێندرا و نەمانهێشت کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمن."
لیوا بەهجەت سێلکی گوتیشی: "نیازێکی تریان هەبوو ئەوە بوو سێگۆشەی سنووری هەرسێ وەڵات بگرن و ڕیگە نەدەن کوردستان هەوایەکێش هەڵمژێت و دەستی کوردستان لە دنیا ببڕن و هێزێکی ئێجگار گەورەیان هێنابووە سحیلا و عەینعوێز کە لە چوار فیرقەی سوپا و حەشد و پۆلیسی فیدرالی و چەندین ڕاوێژکار و سوپای وەڵاتانی تر پێک هاتبوون، بەڵام هەموو پلان و پیلانەکانیان بەرامبەر بە پێشمەرگە شکستی هێنا، ئەویش بە چەکێکی کەم، هەر بەو چەکە کەمەوە توانیمان ئەو خەسارەتە گەورەیە لەو هێزانە بدەین."
شکستێکی گەورەی دوژمن
لە لایەکی ترەوە، فەرماندە عەمید سمێ بۆسەڵێ، یەکێک لە فەرماندە بەشدارەکانی ئەو داستانە دەڵێت: "ئێمە هیچ جارێک چاوەڕوانی ئەوە نەبووین شتێکی باش لەو هێزە هەبێت، هەڕچەندە پێکەوە شەڕی داعشمان کردبوو، کەچی هەر لە خەیاڵیاندا بوو کوردستان داگیر بکەن، بەڵام خەیاڵیان خاو بوو، کە شەڕەکە دەستی پێ کرد، ئەوان پێیان وابوو دەتوانن بە ئاسانی کوردستان داگیر بکەن، بەڵام نەیانزانی کە تووشی شکستێک دەبن لە خەیاڵیاندا نەبێت."
بۆسەلێ کە خۆی ئەندامی فەرماندەیی زێرەڤانیشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''داستانی سحێلا تەواوکەری داستانی پردێ بوو، هەموو هێزێکیان کۆ کردبووەوە لە عەینعوێز و مەحموودیە و سحێلا، هەر لەو داستانەی سحێلاشدا تووشی شکست بوون، هیچ جارێک با دوژمن لە خەیاڵیدا نەبێت کە کوردستان داگیر بکات، چونکە ئەم وەڵاتە بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی خۆی ئاوەدان بووە.''
کــاروان بــاعەدری




