مازن محەمەد: بەھۆی پەکەکەوە ٢٤ گوندی ئاکرێ ئاوەدان نەبوونەتەوە

ئاکرێ-KDP.info- ئێوارەی دوێنێ شەڕە تەقە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی پەکەکە لە سنوری ئاکرێ روویداو قایمقامی ئاکرێش دەڵێ، رەوشەکە ئارامە، بەڵام بەھۆی ھەبوونی پەکەکەوە ساڵانە زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەکەوێت.
مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لە سنوری قەزای ئاکرێ ٢٤ گوند ئاوەدان نەبوونەتهوە بەھۆی ئالۆزی ئەمنیەوە، ئەو گوندانەش ھەموویان دەکەونە سنوری ناحیەی دینارتە و چەکدارانی پەکەکە تێدانە ئەوەش ھۆکاری سەرەکیە خەڵکی بە میوانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانیان و لەدوای راپەڕینەوە خەڵکی نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر گوندەکانیان.
قایمقامی قەزای ئاکرێ دەڵێت" ساڵانە به هۆى ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە، لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ناوچەکە دەکرێتە ئامانج و زیانی زۆری مادی بە خەڵکی ئاکرێ دەگەیەنێ، ھەتا دوێنێ شەویش بوردۆمان بەردەوامی ھەبووە و رەزو باغی ھاووڵاتیان و جووتیاران سووتاوە، ساڵانە بە قەبارەیەکی زۆر گەورە زیان بە جووتیاران دەگەیەندرێت.
لەبارەی پشێوی ئێوارەی دوێنێ لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و ھێزەکانی پێشمەرگە، مازن محەمەد روونی کردەوە" ئێوارەی دوێنێ چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە ھێزەکانی پێشمەرگە کردبوو و پێشمەرگەش نەچاربوو بەرگری بکات و وەڵامی دەستدرێژی پەکەکەی داوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا رەوشەکە ئارامە لە سنوری نەھلێ و ھیچ تەقە و پێکدادانێک نییە.
قائید میرۆ




