سبەی پرسی بازنەکانی ھەڵبژاردن لە کەرکووک و نەینەوا یەکلا دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی عێراق شێوازی دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردنی بۆ ١٦ پارێزگای عێراق یەکلا کردەوە و ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووکیش یەکلا نەکراونەتەوە، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێ، بۆچوونی جیاواز ھەیە و سبەی یەکلا دەکرێتەوە.
خالیدە خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بڕیارە سبەی ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق پرسی بازنەکانی ھەڵبژاردن بۆ ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا یەکلایی بکاتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، دواکەوتنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێویستی بە رێککەوتن و لێک تێگەیشتن ھەیە لەھەردوو پارێزگا، چونکە پێکھاتەی جیاواز لە کەرکووک و نەینەوا ھەن و پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت، "لە پارێزگایەکی وەکو نەینەوا ھەندێ لایەن دەیانەوێ ناوچە کریستیان نشین و ئێزدی نشینەکان لێک داببڕێن و ھەریەکە و بیخەنە سەر بازنەیەک ئەوەش زیان بەو پێکھاتانە دەگەیەنێ و دەنگیان دەفەوتێ.
خالیدە خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئێستا ھەندێ ناوچە ھەن وەکو تلکێف و ئەلقۆش و باشیک کێشەیان لەسەرە و پێویستە چارەسەر بکرێت، خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان داوا دەکەن لەگەڵ خەڵکێک بن پێکھاتەی خۆیانبن، نەک داببڕێن و بخرێنە سەر ناوچەیەک پێکھاتەی دیکەی زیاتربێت و لە ھەڵبژاردن دەنگ نەھێنن، پێموابێت بۆ بەیانی ئەو بابەتە چارەسەر دەکرێت و دەنگ لەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن بۆ کەرکووک و نەینەوا دەدرێت.
قائید میرۆ




