مەحموود محەمەد: ڕەخنە قبووڵ دەكەین و ڕەخنەیش دەگرین، بەڵام ئێمه ڕەخنە و تەشهیر لە یەكتــــری جودا دەكەینەوە

دیمانە: هاودهنگ فاروق
بهشی یهکهم
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان مەحموود محەمەد لە چاوپێكەوتنێكی بەرنامەی "لە كوردستانەوە"ـی كوردستان تیڤیدا، که( ههولێر ) دهقهکهی وهرگرتوه ڕایگەیاند ، خەڵكێك لە وڵاتی ئێمەدا هەیە بەرنامەی سەقەتكردنی بونیادی كۆمەڵایەتی و جەماوەری كوردستانی هەیە، بەرنامەی نانەوەی دووبەرەكی و لەباربردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی هەیە، ئەمە بڵاوكردنەوەی زانیاری و هەواڵ نییە، ئەمە برینداركردن و ورووژاندنی هەستی بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستانە.
میدیا و بەرپرسیاریەتی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی لە یەكێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هاووڵاتییەك بە شێوازێك لە مینبەری ئەو كەناڵەوە قسەی كردبوو كە بووە هۆی ناڕەزایی كۆمەڵێك خەڵك و دواتر هەندێك لەو خەڵكە چوونە نزیك ئەو كەناڵە. ئایا ئەو دیاردەیە چۆن لێك دەدیتەوە؟
ـ لە ڕاستیدا مەسەلەی بەڕێوەبردنی كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئەركێكی قورسە، دەبێت ئەو برادەرانەی كە بەپرسیاریەتیی لەو شێوەیە وەردەگرن و ئەو بابەتانەی دەیانەوێت پێشكەشی بكەن، وردتر لێكی بدەنەوە و دیراسەی بكەن، بە تایبەتی تەلەڤزیۆن كە میوانی هەموو ماڵێكە و هەموو تەمەنێك تەماشای دەكات، ئەگەر لە ڕۆژنامەیەك بابەتێكیش بڵاو ببێتەوە، لەوانەیە چەند كەسێك بیخوێنێتەوە، بەڵام بۆ تەلەڤزیۆن شتێكی دیكەیە. بۆیە مەسەلەكە هەر ئەوە نییە كە داخۆ كێ و چی پێشكەش بە جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكات، دەبێت ئەوەیش لێك بدرێتەوە كە ئاستەكان و بەكارهێنانی ئەم بابەتانە چین، بۆیە زۆر گرنگە هەموو لایەنەكانی لێك بدرێتەوە، جا بۆیە ئەمە بەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەییە، دەبێت بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی هەر كەناڵێك ئەم بەرپرسیاریەتییە لە ئەستۆ بگرن.
بۆیە ئەوەیشی كە ڕووی دا كارێكی نەشیاو بوو، دەبووایە بەرپرسانی كەناڵەكە ئەمانە لە بەرچاو بگرن، بەڵام بەداخەوە ئەم ئازادییەی كە باس دەكرێت بە شێوازێكی زۆر نەگونجاو بەكار هێندرا، كە بووە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە كوردستاندا بریندار بكرێن، ناڕەزایی دەرببڕن لەگەڵ ئەوەیشدا كە خەڵكەكە باوەڕیان بە ئازادی هەیە، بەڵام ئەمە بە ئازادی نازاندرێت و ئازادی نییە، بەڵكوو ئیهانەیە بۆ موقەدەساتی خەڵكێك بە تایبەتی بۆ كەسێك كە هەموو ژیانی خۆی كردە قوربانی، لە پێناوی ویست و خواست و ئاواتەكانی گەل و نیشتمانەكەیدا، بۆیە نەدەبوو بەو شێوە ناشیرنە باس بكرێت، بەڵام دواتر بە هەرحاڵ ئەوەی باس كراوە، دیارە چارەیەك بۆ ئەم بابەتە دۆزراوەتەوە و كەناڵەكەیش خەریكە خۆی ڕێك بخاتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە تووشی ئەم كەموكوڕیانە نەبێتەوە.
ئاستی كۆمەڵایەتی و پێناسەی ڕاگەیاندن
ئایا لە حاڵێكدا ئەگەر وەكوو ئەوەی كە ڕووی دا جا لە هەر كەناڵێكی دیكەوە بێت ئێوە وەك پارتی بە دروستی دەزانن خەڵكێك نزیك ببێتەوە لەو كەناڵە و هەڕەشەیەك دروست بكات لەسەر دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ئایا ئەمە ڕیگەیەكی دروستە؟
ـ دەبێت ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكاران ئەوە بزانن كە پێگەی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەكەمان لە چ ئاستێكدایە، لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، ڕاگەیاندن باش پێناسە بكرێت، بزانرێت ڕاگەیاندن چییە و بۆ كێ قسە دەكات، ئەوە لە بەرچاو بگرێت كە بۆ خەڵكی كوردستان قسە دەكات، جا كە بۆ خەڵكی كوردستان و بە زمانی كوردی دەدوێت، لەو كاتەدا خەڵكی كوردستان گوێی لێ دەگرن و تەماشای دەكەن، بۆیە دەبێت بزانێت چ بابەتێك بۆ ئەو خەڵكە گونجاو و شیاوە، چەندە ڕێگەی پێ دراوە، یا ڕێگەپێنەدراوە، بۆیە سانسۆر ئەوە نییە كە حكوومەت سانسۆر دابنێت، سانسۆر ئەوەیە كە خەڵكیش بزانێت شتێك شیاو نییە بڵاوی نەكاتەوە، بەڵام مەسەلەی چوونی خەڵك بۆ ناڕەزایی لە بەردەم كەناڵەكان بە تەئكید لەوانەیە ڕێوشوێنی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی كە خەڵكێك بیەوێت ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام هەندێك جاریش هەڵچوونیش هەیە و دەبێت ئێمە حسابی ئەم هەڵچوونانەیش بكەین، كە جاری واهەیە ئەم شتانە ڕوو دەدات لە كۆمەڵگەیەكی وەكوو كۆمەڵگەی ئێمەدا، پێشبینیكراون.
میدیا بۆ پێگەیاندنی نەوەكانە، نەك بۆ سەقەتكردنیان
لە دوای ڕووداوەكە وەكوو دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندراوێكتان بڵاو كردەوە، تێیدا چەند خاڵێكی گرنگتان باس كردووە، لەوانەیش وەكوو خراپبەكارهێنانی مینبەری ئازاد هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی و میسداقییەتی میدیا، ئایا مەبەستتان چییە؟ بۆچی هەڕەشەیە؟
- مەبەستمان ئەوەیە كە میدیا دەیەوێت بەشێك بێت لە پڕۆسەی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی ئازادیی زیاتر لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا، بۆیە نابێت ئاستەنگ دروست بكات و ئەو ئاستەنگانەیش ببنە بەرنامەیەك بۆ ئەوەی كە ڕێگەیەك بگیرێت یان بەربەستێكی زۆر گەورەتریان بۆ دروست بكرێت كە نەهێڵن ئەو ئازادییە بەرفراون بێت، مەبەستمان ئەوەیە كە ئەم بابەتانە جاری وا هەیە ڕێگر دەبن لە بەردەم ڕاستگۆبینینی میدیا، لەوەی كە خەڵك گومان بكات كە توانای ڕاگەیاندن ئەوەیە بەم شێوەیە سوود لە مینبەری ئازاد و مەودای ئازادیی زیاتر وەربگرێت. بۆیە دەبینین هەر لە پەنای ئەم بابەتەیشەوە، لە شەوی یەكەمدا كۆمەڵێك خەڵك لەو كەناڵەوە هەندێك شتیان بڵاو كردەوە و قسەی خۆیان كرد و هەرچی ڕق و كینەی هەیان بوو بەرانبەر بە پارتی و بەرانبەر بە ئەم ڕێبازە دەریانبڕی، تەسەور دەكەین ئەگەر لە كەناڵەكانی خۆیان بووایە ئەو جورئەتەیان نەدەكرد بەو شێوەیە قسە بكەن، بۆیە مەجالكردنەوە بۆ ئەوەی كە خەڵكێك ئەوەی دەیەوێت بیڵێ، بە ناوی ئەوەی كە ڕای ئازاد دەگوترێت، لەوانەیە مەقبووڵ نەبێت، چونكە تۆ وەسیلەیەكت داناوە بۆ ئازادیی بڵاوكردنەوە، نەك بۆ تەشهیركردن، نەك بۆ ئەوەی سوكایەتی بە خەڵكی دیكەی وڵاتەكەی خۆت بكەی. بۆیە كە ئامرازێكی بڵاوكردنەوەت داناوە، بۆ ئەوەی تۆیش ببیت بە بەشێك لە پێگەیاندنی نەوەكانی ئەم وڵاتە، نەك سەقەتكردنیان.
بە ڕاستی خەڵكێك لە وڵاتی ئێمەدا هەیە بەرنامەی سەقەتكردنی بونیادی كۆمەڵایەتی و جەماوەری كوردستانی هەیە، بەرنامەی نانەوەی دووبەرەكی و لەباربردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی هەیە، ئەمە بڵاوكردنەوەی زانیاری و هەواڵ نییە، ئەمە برینداركردن و ورووژاندنی هەستی بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستانە.
بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەمە هەوڵدانە بۆ شێواندنی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان.
كرداری نەشیاو كاردانەوەی باشی لێ ناكەوێتەوە
باشە چارەسەر چییە و خەتای چی جۆرە میدیایەكە، ئەو بەرنامانە ڕاستەوخۆن و تەلەفۆن دەكرێت، وەكوو دەبینین كە چۆن بەربڵاوە، بەرنامەیش كراوەیە، خەڵك قسە دەكات، باشە ڕێگە نەدرێت خەڵك قسە بكات؟
ـ ڕێگە بدرێت خەڵك قسە بكات، بەڵام دەبێت ئەوەیش لەبەر چاو بگیرێت كە ئەم حاڵەتانە هەیە، دەبێت ئەگەر خەڵكێك هەیە بەو جۆرە جنێوفرۆشە و دوور لە هەموو ئەخلاق و بەهایەكی ڕاگەیاندن قسە دەكات، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەیش بن كە خەڵكێك هەیە، كە ئەویش یاسا لە بەرچاو ناگرێت، واتا كاردانەوەی دەبێت، بۆیە دەبێت هەردوو حاڵەت لە بەرچاو بگیرێت. كردەوەی نەشیاو كاردانەوەی باشی لێ ناكەوێتەوە، جا بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتانە دووبارە نەبنەوە، باشترە میكانیزمێك وەكوو ئەوەی كە كاك توانا عوسمان لە قسەكانی خۆیدا باسی كرد، میكانیزمێك دابنێن كە كاتێك گەییشتە حاڵەتێكی لەو جۆرە نەهێڵن بڵاو ببێتەوە، ئەمە چۆن و چۆن دەكرێت، دەبێت خۆیان بیری لێ بكەنەوە، بەڵام ئەگەر باس لەوە بكرێت لە دونیای دیكەدا ئەوە هەیە، زۆر شت لە دونیای دیكەدا هەیە، بۆیە دەبێت ئێمە هەموو شتێكی خۆمان بەراورد نەكەین لەگەڵ هەندێك شوێنی دیكەدا، بەڵكوو دەبێت هەموو شتەكانی خۆمان بە پێوەرێكی جوانی ناو كۆمەڵگەی خۆمان كە مەقبووڵییەتی هەیە، ڕێوشوێنی بۆ دابنێین.
گردبوونەوەكە عەفەوی بوو
لەو بەرنامەیەی كە ئەم ڕووداوەی لێ كەوتەوە، گوایە داوا لە پارتی یان لایەنگرانی كرا كە بچنە نزیك بارەگای ئەو كەناڵە، هەندێ بۆچوون هەن دەڵێن: نابێت ئەم ڕێگەیە بگرنە بەر، بەڵكوو ڕێگەی یاسایی بگرن؟
ـ ئەگەر پارتی بەرنامەكەی ڕێك خستبایە و هەوڵی بدایە كە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی بنێرێتە ئەوێ، لە پێشدا مۆڵەتی لە پارێزگای سلێمانی وەردەگرت و پێیان دەگوتن كە گردبوونەوەیەكی لەو بابەتە هەیە، دەمانەوێت بچین ناڕەزایەتیی خۆمان دەرببڕین بەرانبەر بەو بابەتەی كە كراوە، بەڵام ئەمە شتێكی عەفەوی بوو، شتێك بوو كە ڕێك نەخرابوو، بۆیە هەر دوای ئەوەیش بەرپرسی لقی چواری پارتی چوو بڵاوەی بە خەڵكەكە كرد، بۆیە بە تەكید ئەگەر بویسترایە بە شێوازی یاسایی ئەو كارە دەكرا، نەوەكوو بەو شێوەیە.
زیندووكردنەوەی برینی كۆن، دوورە لە پیشەییبوونی میدیا
لە هەندێك جار لەو كەناڵانەدا جۆرێك لە بابەت تەرح دەكرێت بۆ ئەوەی خەڵك قسەی لەسەر بكات، بۆ نموونە بابەتی سیاسییە؟
ـ بە ڕاستی پێشكەشكار ئەوەی كە بەرنامەكە ئامادە دەكات زۆر گرنگە كە بزانێت دەیەوێت چی بكات، زۆر جار دەبینیت لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا پێشكەشكارەكە ئەوەندەی مەبەستیەتی هەندێك قسە بكرێت، ئەوەندە مەبەستی نییە كە زانیاری وەربگرێت و بڵاوی بكاتەوە، هەروەها ئاڕاستەی پرسیارەكانی و سووڕاندنی پرسیارەكانی هەمووی زۆر ڕوون و دیاری كراوە كە دەبێت ئەو لە پرسیارێك وەڵامێك وەربگرێت كە زۆر جار وەڵامەكەی وەرنەگرت، چەندین جار دووبارەی دەكاتەوە، یان هەندێك جار كە زۆر ڕوونە بەرنامەیەك ڕێك دەخرێت كە برادەرێك بانگ دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سێ كەسی دژ بەو، بانگ دەكرێن بۆ ئەوەی بە پێشكەشارەكە و بە سێ كەسی دژ بەو، هەوڵ بدەن كە هەرچەندە ئەو كەسە قسەی باشیش بكات و ڕوونكردنەوەكانی باش بن، بەڵام لەبەر ئەو سێ كەسەی دی كە لەگەڵ بێژەرەكەدا هاوڕان، قسەكانی ئەو دیار نەمێنێت.
بۆیە ئەوەیش دیسان هەوڵێكە بۆ سوكایەتیپێكردن، هێنانەكایەی هەندێك پرسیاری كۆن و هێنانەوەكایەی هەندێك شتی تر كە پێشتر ڕووی داوە و كولاندنەوەی هەندێك برین ئەوانەی هەموومان گوتوومانە كە دووبارە نەبنەوە، ئەمانە هەمووی دەبێت ئامانجی لە دواوە بێت، بۆیە ناكرێت ئەمانە بڵێن، گوایە ئەمە بۆ ئازادییە، لە قۆناغێكدا، باس لە هەندێك شت دەكرێت كە ئەم بابەتانە وەكوو برین نەمابن و ساڕێژ ببن و تۆ وەكوو مێژوو لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەی بۆ ئەوەی كە بزانیت چی ڕووی داوە، ئاساییە، بەڵام ئێستا دەبینین كە چۆن هەوڵ دەدرێت شعووری هەندێك خەڵك بریندار بكرێت، هەوڵ دەدرێت هەندێك خەڵك بورووژێندرێت بۆ ئەوەی لە دژی كەسانی دی شتێك هەڵبەستن، هەندێك جار ڕێگە بە خۆیان دەدەن داوا لە خەڵكی شارێك بكەن بۆ نایەنە سەر جادە، لە ڕێگەی كەناڵێكەوە ئەمە چۆن ڕاگەیاندن بەو شێوەیە دەبێت، ئەمە كەی هەستكردنە بە لێپرسراوێتی، ئەمە كەی پیشەییبوونی میدیایە.
كاری ڕاگەیاندن، دروستكردنی پشێوی نییە
سەدان بابەت هەیە كە میدیا قسەی لەسەر بكات، لەسەر كێشەكانی عێراق هەیە، كێشەكانی ناوخۆ هەیە، باسی بوارە جیاجیاكانی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و تەندروستی هەمووی ڕێگەپێدراوە، بەڵام تەشهیر و جنێودان بە بڕوای من ئەمە كاری ڕاگەیاندن نییە، كە دەزگایەكی ڕاگەیاندن بێت ئەم شتانە بڵاو بكاتەوە یان هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشێوی، بۆیە بە پێچەوانەوە كاری ڕاگەیاندن واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی زانیاری بداتە خەڵك، كاری ئەوەیە هەواڵی دروست بداتە خەڵك و دەبێت بەشێك بێت لە بڵاوكردنەوەی پێشكەوتن و هۆكار بێت بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەی.
هەندێك كەس میدیا بە ڕێكلام تێگەییشتوون
لە هەندێك لە كادیران یان تاوەكوو هەندێك لە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش زۆر جار دەبیستین كە پارتی لە ئێستادا كەوتووەتە بەر هێرشێكی ڕاگەیاندن، ئایا ئەمە ڕاستە؟
ـ ئەوەی دەیبینین كۆمەڵێك دەزگای ڕاگەیاندن چ بە نووسراو و بەبینراو یا بە بیستراو بەمەبەست یان بە بێ مەبەست، بە پاڵپشتی بێت یان بە بێ پاڵپشتیكردن هەوڵ دەدەن كە خەڵكێك دژی سیاسەتەكانی پارتی بورووژێنن، ئەمەیش لە چەند حالەتێكدا ڕووی داوە لەو كاتانەدا زیاتر بووە كە پارتی متمانەی زۆرینەی خەڵكی بە دەست هێناوە، هەوڵی ئەوەی داوە كێشەكانی كوردستان چارە بكات، لەو كاتانەدا بووە كە لە گفتوگۆ و كێشمەكێشدا بووە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بابەتە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكان، لەو كاتانەدا زیاتر هێرش كراوەتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ئەو بەرنامانەی كە پارتی پێشكەشی كردووە زیاتر هێرش كراوەتە سەر پارتی یان هەوڵیان داوە گەلەكۆمەكیی ڕاگەیاندن دژی بكەن.
باشە هۆكار چییە ماوەیەكە هەست بەوە دەكرێت كە میدیای ئۆپۆزسیون و بە تایبەت میدیای گۆڕان پارتی و هەندێك لە ڕموزەكانی پارتی دەكەنە ئامانج؟
ـ من تەسەور دەكەم هێشتا ئۆپۆزسیون بە تایبەتی ئەو هەڤاڵانەی كە باست كردن، لە گرنگیی ڕاگەیاندن بۆ ناو كۆمەڵگە ورد نەبووبێتنەوە، تا ئێستا ڕاگەیاندن بە ڕێكلام تێدەگەن لەوەی كە بزانن ڕاگەیاندنە، چونكە بابەتەكانی زیاتر دەچێتە خانەی ڕێكلامەوە تاوەكوو ڕاگەیاندن. ڕاگەیاندن شتێكە كە دەبێت ڕێكلام بەشێكی بێت، بەڵام ڕاگەیاندن بەشێك نییە لە ڕێكلام، بۆیە پێم وایە گرفتی هەرە سەرەكیی ئەو برادەرانەیە كە بەشێكیان ناڵێم هەموویان، چونكە خەڵكی بەتوانایش لەناو ئەواندا هەیە زۆر جار بەرنامەی زۆر بەپێز و باش پێشكەش دەكەن، بەڵام بەشێكیان بە ڕاستی بەئەنقەست دەیانەوێت سوود لە ڕاگەیاندن وەرنەگرن، بەڵكوو زیاتر سوود لە ڕێكلام وەربگرن.
بەڵام وەك باس دەكرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن نزیكە، بۆچی پێتان ڕەوا نییە ئەو میدیایانە هێرش بكەنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕەخنەی لێ بگرن، لە كاتێكدا كە پارتی حزبێكی دەستەڵاتدارە لە كوردستاندا؟
ـ هێرشكردن لەگەڵ ڕەخنەگرتن دوو شتی لە یەك جیاوازن، ئەوان با بێن ڕەخنە بگرن لەسەر ئەو شتانەی كە ڕوویان داوە یان تەوەجوهی ئێمەیە، هەندێك جار شت بڵاو دەكەنەوە كە ئەساسی نییە، ئەرقام بڵاو دەكەنەوە كە وجوودی نییە، دەنا بۆ مەسەلەی ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لەناو پەیڕەوی خۆماندا بەشێكە لە پرەنسیپی پارتایەتیمان، بۆیە ڕەخنەی خەڵكیش قبووڵ دەكەین، ڕەخنە لە خۆمان قبووڵ دەكەین و ڕەخنە لە خەڵكیش دەگرین، بەڵام ئێمە ڕەخنە و تەشهیر و هێرشكردن لە یەكتری جیا دەكەینەوە و دەبێت هەوڵ بدەین خەڵكیش فێری ئەوە بكەین، من لە بیرمە ئەو خەڵكانەی ئێستا كە هێرش دەكەن زەمانێك باسی ڕەخنەیان دەكرد و پێناسەی ڕەخنەیان دەكرد كە چۆن دەبێت بگیرێت، بەڵام بە داخەوە ئێستا لە ڕەخنە وازیان هێناوە و كەوتوونەتە هێرشكردن.
بۆچی وەڵام نادەنەوە؟
"وەڵام نادەینەوە و چونکه بە شتی گەورەتر بۆ نەتەوەكەمان سەرقاڵین"
لە ڕاستیدا ئێمە نامانەوێ هەموو فەزای كوردستان بكەینە فەزایەكی سیاسی و هەمیشە باس لە ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن بێت، چونكە خەڵكی كوردستان جیا لە سیاسەت پێویستیان بە بوارەكانی دیكەی ژیانیش هەیە، ئەم بابەتە كە خەڵكێك دەیەوێت هەموو كوردستان بەس لە فەزا سیاسییەكەیدا بسووڕێتەوە، بە بڕوای من هەست دەكەم كە غەدرێكی زۆر گەورە لە خەڵكی كوردستان دەكات، چونكە كوردستان هەموو تەمەنێكی تێدایە و خەڵكی سیاسی و ناسیاسیی تێدایە، خەڵكی تێدایە لە هەموو توێژ و چینەكانی كۆمەڵگە كە ئارەزووی جیاجیایان هەیە، كەواتە دەبێت ڕاگەیاندن هەوڵ بدات ئومێد و ئارەزووەكانی ئەوانیش بەشێك لە بەرنامەكانیان بهێنێتە دی نەك هەمووی بە سیاسەت بكات.
بۆیە ئێمە زۆر شت دەبیستین، زۆر شت دەنووسرێت، بەڵام و بە تەئكید گەورەیی پارتی و گەورەی ڕێبازی بارزانی و ئەو هەموو خەبات و مێژووەی كە ڕێبازی بارزانیی نەمر هەیەتی، دەخەینە بەرچاومان بۆیە زۆر شت هەیە لێی تێدەپەڕین و وەڵام نادەینەوە. بە شتی گەورەتر بۆ نەتەوەكەمان سەرقاڵین، چونكە بەپرسیاریەتییەكی مێژوویی لە ئەستۆی پارتی و ئەم ڕێبازە ڕاستەقینەیەی خەباتی كوردایەتیدا هەیە و ئێمە كە دەبینین سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كەسایەتییەكە كە لە ناوچەكە و دونیادا بۆ زۆر شت دەخوێندرێتەوە و پرسی پێ دەكرێت، هەوڵ دەدات كاریگەریی ئەرێنیی هەبێت بۆ چاككردن و چاكسازییەكان كە پێویستە هەبن، كەواتە دەبێت ڕاگەیاندنی ئێمەیش، نووسینەكانی ئێمەیش، تەلەڤزیونەكانی ئێمە لە ئاست گەورەیی مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەباتی پارتی، ڕێبازی بارزانی و لە ئاست گەورەیی سەرۆكەكەیدا بن، ناكرێت هەست بە بەرپرسیارەتی بەرانبەر ئەم بابەتە نەكەین لە لایەك، لە لایەكی تریشەوە دەبێت هەست بەپرسیاریەتی بكەین بەرانبەر بە ئاسوودەیی خەڵكی كوردستان، ناكرێت ئێمە لەسەر هەموو شتێك وا بكەین ئاشتیی كۆمەڵایەتی بكەوێتە مەترسییەوە، لەلایەكی ترەوە دیسان دەتوانین بڵێین هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەین بەوەی كە خەڵكێك لەسەر نووسین و بڵاوكردنەوەكان و هەواڵ كە لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی پارتی بڵاو دەكرێتەوە، حساب دەكات چ ئەمە خەڵكی ناوخۆیە چ ئەمە خەڵكی دەرەوەیە، بۆیە دەبێت ئێمە ئەو متمانەیە لە دەست نەدەین، لەوانەیشە خەڵكێك هەبێت هەوڵی ئەوە بدات كە ڕاگەیاندنی پارتی ڕابكێشێت بۆ ئەوەی بیخاتە ناو شەڕەجنێو و قسە و مەشغوڵی بكات. نەخێر ئێمە ڕێچكەیەكی دیاریكراومان هەیە و بەپێی پرەنسیپی دیاریكراو كە لە حزب بڕیاری لەسەر دراوە، كار دەكەین و ئەو كارەیشمان چۆن بەرنامەمان بۆ داناوە هەر ئاوهایش دەچنە پێش، مەگەر لەگەڵ بارودۆخەكاندا گۆڕانی بەسەردا بێت، یان هەندێك بەرنامەی زیاد یان كەمی بۆ دروست بكەین، بۆیە پارتی لەوە گەورەترە كە كەسانێك بیانەوێت ڕایكێشنە ناو شەڕەقسەوە و بەو شتانەوە مەشغوڵمان بكەن




