بەشداربووانی دووەمین دیداری زانستی، هاوڕا بوون لەسەر ئاراستەكردنی ڕاسپاردەكان بۆ كۆنگرەی ١٤ـیەمینی پارتی

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسانی ئۆرگانەكانی پارتی و ژمارەیەكی بەرچاو لە نوێنەرانی دەزگا و دامەزراوە گرنگەكانی ئاستە جیاجیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری ئەنجوومەنەكانی سەركردایەتیی پارێزگاكان، مەكتەب ناوەندییەكان و دەزگا و سەنتەر و لقەكانی (پ.د.ك) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاوی نوێنەرانی ئۆرگان و دامەزراوەكانی پارتی و كادیرانی تێكۆشەر و خاوەن ئەزموون و كەسانی نوخبە و ئەكادیمی و توێژەر و چالاكوانانی دیاری پارتی، بانگهێشتی دووەمین دیداری زانستی سەنتەری تیوێژینەوە و ئەكادیمیای (پ.د.ك) بوون.
مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بۆ دووەمین جارە بەشداری ئەم دیدارە زانستییە گرنگە دەبێت، بە هۆی مەترسییەكانی بەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆناش (كۆڤید- ١٩)، تەنیا دەكرا ئەو ڕێژەیە بانگهێشت بكرێت كە ئامادەی دیدارەكە ببوون. لە دیدارەكەشدا هەریەك لە بەڕێزان سكرتێری مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی و بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستن، وتاریان پێشكەش كرد و دواتر لە دوو تەوەردا چەندین پەنێڵ پێشكەش كران، كە بۆ چەندین كاتژمێر بابەتی گەرمی نێوان بەشداربووان و پانێڵیستەكانی دووەمین دیداری زانستیی پارتی بوون.
لە دووەمین دیداری زانستیدا، پانێڵگەلێكی زانستیی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵات لە دیدگای ئەكادیمی و پارتایەتییەوە خرانە بەر باس و گفتۆگۆ و، بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی كێشە و گرفتەكان و چۆنیەتیی چارەسەركردن و چالاكتركردنی ڕێكخستنەكانی پارتی، چەندین پانێڵیست و توێژەر و لێكۆڵەر ئامادە بوون، كە بە توێژینەوەكانیان و لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی كاری پارتایەتی، زۆر بابەتی گرنگیان ورووژاند و بە تێبینی و سەرنجی بەشداربووانی دووەمین دیداری زانستی، پەنێڵەكانیان دەوڵەمەندتر كرد و باسی شێواز و میكانیزمێكی گونجاو و شارستانییان كرد، كە دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ نوێبوونەوە و گەشەپێدان و بەردەوامیدان بە خەباتی ڕێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لە دیاسپۆرا پەیڕەو بكات یا خۆد ببنە پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ كۆنگرەی (١٤)ـیەمینی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بڕیار وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا ببەسترێت، كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر هەنگاو دەنێت، كە ئامانج لێی دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەركاریی پارتایەتی و دیدگا و جیهانبینی و بە ستراتیژی هاوچەرخ و تازەوە بۆ خزمەتی كۆمەڵگای كوردستان و پرسە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەكان هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێ و بە بەهێزی و یەكگرتوویی و پێشەنگی لە مەیدانی خەباتدا دەمێنێتەوە.
لە پرۆگرامی دووەمین دیداری زانستی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای ( پ.د.ك) پەنێڵیست و بەشداربووان چەندین بابەتی گرنگی پڕزانیارییان تاوتوێ كرد، كە بە رێگەی مێتۆدی ئەكادیمی و داتا و توێژینەوە، میكانیزمی گرنگیدان بە ڕێكخستن و هۆشیاریی نیشتیمانی لە ناو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و دامەزراوەكانی هێزەكانی ناوخۆ و ئالیات و بەربەستەكانیشیان دەستنیشان كردن.
لە تەوەرێكی تریشدا، لە دیدێكی شیكارییەوە هەڵسەنگاندنێكی زانستی كرا بۆ هەڵسانەوە و بەردەوامیدان بە شیرازەی كار و چالاكی و سەرخستنی پلانی كاركردنی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی وڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی لە ئەورووپا و ئەمەریكا و لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕەوەندی كوردستانی لێی دەژین و ڕێكخستنەكانی پارتی تێیدا چالاكن. هەروا بە تایبەتی دەستنیشانی ئامانج و ستراتیژی پارتی بۆ بەهێزكردنی رێكخستنەكانی تاراوگەی خستە ڕوو و بە فراوانی گفتۆگۆ لەسەر ئاستەنگەكان و میكانیزمی چارەسەركردنی بەربەستەكان كرا، كە لە دەرەوەی كوردستان بە پێی ژینگەی سیاسیی وڵاتان و پرەنسیپی كار و چالاكییەكانی ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێك بخرێتەوە بۆ خۆگونجاندن و تیكەڵاوی لەگەڵ ژینگەی سیاسیی وڵاتان و لە نێو ڕەوەندی كوردستانی بە تایبەتی.
بەشداربووانی دووەمین دیداری زانستی، هاوڕا بوون لەسەر ئاراستەكردنی ئەنجام و ڕاسپاردەكانی دیدارەكە بۆ سەركردایەتی و ئۆرگانە باڵاكانی پارتی و بۆ كۆنگرەی ١٤ـیەمینی پارتی بۆ ئەوەی بە هەند وەربگیرێن و بخرێنە واری جێبەچیكردنەوە و لەسەر ئاستی سەركردایەتی و ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی پارتی گرنگیی زیاتر بە هاوكاری و هەماهەنگی و ڕاوێژ و ڕای جیاواز و بیرۆڕاگۆڕینەوە بدرێت و دەستنیشانی لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خەباتی ڕیكخستنەكانی پارتی لە دەرەوەی وڵات بكرێت، كە لەگەڵ واقیعی ئێستای كوردستان و دەرەوەی وڵات بگونجێت و سوود لە شیوازی كاركردنی پارتە پیشكەوتنخوازەكانی جیهانیش وەربگیرێت بۆ بەهێزتركردنی پارتی و ئۆرگانەكانی بە مەبەستی هێنانەدیی ئەو ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناویدا دامەزراوە.




