کۆتایی ئەم مانگە دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق دەکرێت

هەولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی بەغدا ڕایگەیاند، تا کۆتایی مانگ دوو ژووری سەرەکیی ھاوبەشی نێوان ھەرێم و بەغدا دروست دەکرێن و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان دەکرێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای رێککەوتنی چەند رۆژی ڕابردووی نێوان ھەرێم و بەغدا لە بواری ئەمنیدا، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دوو ژوری ھاوبەش لە ھەرێم و بەغدا دروست بکرێن و دواتر دەست بە کارەکانی دیکە بکرێت.
تەڵعەت گوتیشی، ئەو رێککەوتنە، قۆناغ بە قۆناغ لە سنووری دیالە و کەرکووک و مووسڵ و مەخموور و گوێڕ و ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی، جێبەجێ دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




