لە ئامێدی ١٤٧ پڕۆژە بە گوژمەی ٨١ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت

ئامێدی -KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی گوتی، لە سنووری قەزای ئامێدی بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٤٧ پڕۆژە بە گوژمەی ٨١ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت.
قایمقامی قەزای ئامێدی، ئیسماعیل مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٤٧ پڕۆژەی بچووک و گەورە لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێ دەکرێت و ئێستا ئێمە پڕۆژەکانمان ئاراستەی پارێزگا کردووە، ئەوانیش وردبینیی لێ دەکەن و ھەرجارە و چەند پڕۆژەیەک بە شێوەی تەندەر ڕادەگەیەنن کە یەکێک لەوانە نەخۆشخانەیەکە بە بڕی ٥٣ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت."
ئیسماعیل مستەفا گوتیشی: "لەوانە ١٤٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری؛ وەکو ئاو و کارەبا و، چەند پڕۆژەیەکی دیکە کە ئەوانیش بە گوژمەی ٢٦ ملیار دینارە و کۆی پڕۆژەکان بە گوژمەی ٨١ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن."
ڕوونیشی کردەوە: "بەشێک لە پڕۆژەکان دەستیان پێ کردووە و ئەوانەی دیکەش کە وردبینیکردنیان لە پارێزگا تەواو بوو ڕایدەگەیەنن و دەست بە جێبەجێکردنی ئەوانیش دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




