٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سۆشیالیست و بزووتنەوە: پێویستە لەسەر سووتانی ئاڵای كوردستان هەڵوێستی جیددی وەربگیردرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبی، دوێنێ هەڵیانكوتایە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی و ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتییان سووتاند و دروشمیان دژی گەلی كورد دەگوتەوە، ئەوەش كاردانەوە و تووڕەبوونی خەڵكی كوردستانی لێ كەوتەوە و لەسەر ئاستی وڵاتان و نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە بەغدا، ئیدانە كرا و حزبە كوردییەكانیش داوای یەكهەڵوێستی دەكەن و دەخوازن بە توندی بەیاننامەیەك لەو بارەیەوە دەربكرێت.

بەختیار كەریم، گوتەبێژی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئاڵای هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق، دەتوانرێت لە هەموو پارێزگاكانی عێراق كاتێك بارەگایەكی لایەنە كوردییەكان یان نوێنەرایەتیی دامەزراوەكانی حكوومەتی كودستانی لێ بێت، هەڵبكرێت، هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی و داگرتنی ئاڵای كوردستان و سووتاندنی، گرفتە و ئێمە ئیدانەی دەكەین و پێویستە حكوومەتی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بە پێوەندییەكاندا پچێتەوە و نابێت ڕێگە بدرێت جارێكی تر دووبارە ببێتەوە".

ناوبراو هەروەها دەڵێ: "ئەم ڕەفتارانە وادەكەن تەنانەت لە عێراق دەرفەتی پێكەوەژیان نەمێنێت، بۆیە پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئاگادار بكرێنەوە، كە هەرێمی كوردستان لە ڕووخاندنی حكوومەتی پێشووی عێراق و شكاندنی ئەفسانەی داعش دەستی باڵای هەبووە و ناكرێت لەو عێراقەدا سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكرێت، سووتاندنی ئاڵای كوردستانیش ئاوا بە ئاسانی نەبووە و ئەجێندای سیاسیی لە پشتە، بۆیە پێویستە هەڵوێستی جیددی لەسەر وەربگیردرێت".

"پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كورد لەسەر ئاستی هەموو هێزە كوردستانییەكان كۆبوونەوەیەكی باڵا ئەنجام بدات و بەیاننامەیەكی توند دەربكات، كورد پێویستی بە مەرجەعێكی باڵا هەیە و دەبێت یەكگوتر بین، چۆن شیعەكان مەرجەعیان هەیە و سووننەكان لە پرسی سیاسی و چارەنووسساز ڕاوێژیان هەیە، بۆیە كوردیش دەبێت یەكگرتوویی خۆی بنیات بنێتەوە، پێویستیشە كورد لە سەر ئاستی بەغدا هاوپەیمانیی هەبێت ئەوانەش وادەكەن پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بێت". بەختیار كەریم وای گوت.

لای خۆشیەوە، عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "لە عێراقدا ئاسایش و ئەمنییەت نەماوە و هێرشكردنە سەر بارەگای حزب و پاڵیۆزخانەكانیش بووەتە كەلتوور لەلایەن هەندێك میلشیای جیاجیاوە، كە پاراستنی بارەگاكان لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقییە، هەروەها سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان هیچ پاساوێكی نییە و سووكایەتیكردنە بە سەرجەم خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەركی حكوومەتی عێراقییە سنوورێك دابنێت بۆ سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان و پەلاماردانی بارەگای هێز و لایەنە سیاسییەكان".

وەرتێ، ئاماژە بەوەش دەكات: "پێویستە هەڵوێستێكی یەكگرتووی تەواوی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای كوردستان دەرببڕدرێت و سزای ئەو كەس و لایەنانە بدرێت كە ئەم كارەیان ئەنجام داوە".

دەشڵێ: "ئاڵای كوردستان لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە، بۆیە دەبێت هاوشانی ئاڵای عێراق ڕێزی لێ بگیردرێت نەوەك سووكایەتی پێ بكرێت، بەداخەوە لە عێراقیش بەشێك لە میلشیا و تەوژم پەیدا بووە و بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان كار دەكەن، دەبێت ئەم دژایەتیكردنە ڕابگیردرێت، ئەگەرنا برینەكان نوێ دەكاتەوە و ململانێكان قوڵتر دەبنەوە، بێگومان ئاڵای كوردستانیش، ئاڵای نەتەوەیەكە و نابێت سووكایەتیی پێ بكرێت".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار