٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کێشەی کارەبای ھەردوو ناحیەی بەحرکە و دارەشەکران چارەسەر دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- کێشەی کارەبا لە سنووری ھەردوو ناحیەی بەحرکە و دارەشەکران چارەسەر دەکرێت و پەرلەمانتارێکی نوێنەری ناوچەکەش دەڵێت، وەزیری کارەبا بڕیاری دا ژمارەیەک پرۆژەی کارەبا لەو سنوورە جێبەجێ بکرێن و بە تەواوبوونیان گرفتی کارەبا کۆتاییی دێت.

سەعید مستەفا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەری ھەردوو ناحیەی بەحرکە و دارەشەکران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە سنووری ھەردوو ناحیە سەردانی وەزیری کارەبامان کرد و داواکاریی خەڵکی دەڤەرەکەمان گەیاندە وەزیری کارەبا، ئەویش بڕیاری دا کێشەی کارەبا لە سنووری ھەردوو ناحیە چارەسەر بکرێت و کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجام دەدرێن."

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بڕیارە کۆتاییی ئەمساڵ وێستگەیەکی مۆبایل لە ناحیەی دارەشەکران جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا وەزیری کارەبا ڕەزامەندیی نیشان دا بۆ خەرجکردنی ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ ڕاکێشانی دوو ھێلی کارەبا بۆ گوندەکانی بن‌بێرک و گواستنەوەی فیدەرەکانی جەژنیکان بۆ ناحیەی دارەشەکران."

سەعید مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی کارەبا لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن؛ لەوانەش دروستکردنی وێستگەیەک لە بەحرکە و ڕاکێشانی دوو ھێڵ لە وێستگەی گردجووتیارەوە بۆ دەڤەری بەرانەتی، ھەروەھا کارکردن لە وێستگەیەکی دیکەی بەحرکە دەست پێ دەکاتەوە بە گوژمەی نۆ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی و، بەو پڕۆژانە کەرتی کارەبا لە سنوورەکە پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت و کێشە و گرفتەکانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار