چوار ھەزار كۆمپانیای بیانی لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراون

هەولێر-KDP.info- نزیكەی چوار ھەزار كۆمپانیای بیانی لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراون و گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییش دەڵێ، ئەو كۆمپانیایانەی پێشتر بە ھۆكاری شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە گەڕابوونەوە وڵاتەكانیان، ئێستا دەگەڕێنەوە كوردستان.
فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لەھەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ ھەزار و ٨٠٠ كۆمپانیای بیانی ھەن و ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی بەرچاو لەو كۆمپانیا بیانیانە بە ھۆكاری شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دواتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەڕابوونەوە وڵاتەكانیان.
گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گوتیشی، بەشێكی زۆری ئەو كۆمپانیا بیانیانە ئێستا گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان و دەستیان بە كاركردن كردووە، بەشێكی دیكەشیان خەریكی گەڕانەوەن.
لەبارەی كۆمپانیاكانی ئەمەریكاوە، فەتحی محەمەد روونی كردەوە: "نزیكەی ١٠٠ كۆمپانیای ئەمەریكی لە ھەرێمی كوردستان كار دەكەن و بەشێكیان لە كەرتەكانی نەوت و ئەوانی دیكەش لە ھاوردەكردن و خزمەتگوزاریی گشتی رۆڵیان ھەیە، بێگومان كۆمپانیا ئەمەریكییەكانیش لە ئێستادا گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان.
قائید میرۆ




