د. عاید بۆ KDP: پەیوەندی كورد و كوێتییەكان هی سەردەمی مستەفا بارزانیە

هەولێر-KDP.info- ئەكادیمیست و لێكۆڵەری سیاسیی كوێتی دكتۆر عاید ئەلمەناع دەڵێت، هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كوێت، هەنگاوێكی زۆر گرنگی سیاسی بوو بۆ دووبارە پتەوكردنی پەیوەندییەكان و پەرەدان بە هەموو سێكتەرەكان لە نێوان كوێت و هەولێردا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانەی سەردانێكدا گەیشتە كوێت و لە كۆشكی ئەلبەیان لە كوێت، لەگەڵ شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلسوباح، میری كوێت كۆبووەوە.
د. عاید ئەلمەناع، ئەكادیمیست و لێكۆڵەری سیاسیی كوێتی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان كورد و كوێتییەكان لەمێژینەن و هی سەردەمی مەلا مستەفای بارزانین، هەر لەو كاتیشەوە كوێتییەكان و كورد توانییان پەیوەندییەكانیان پتەو و بەهێز بكەن و، كوێتیش بە چاوێكی بەرزەوە تەماشای كورد و هەرێمی كوردستان دەكات.
ئەلمەناع گوتیشی، جگە لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان لە نێوان هەردوولادا، بابەتی وەبەرهێنان لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و میری كوێتدا پاكێجی سەرەكی بوو، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانێكی گەورەی كردووە و توانیویەتی ببێتە مەڵبەندێكی گەورەی سیاسی و ئابووری و وەربەرهێنان لە ناوچەكەدا.
ناوبراو دەشڵێ، هەرێمی كوردستان بە سرووشتی خۆی پێگەیەكی سیاسی و جیۆگرافیی گرنگی هەیە لە ناوچەكەدا، بۆیەش پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەردوولادا، بایەخی زۆری بۆ هەردووكیان هەیە.
كــاروان بــاعەدری




