نوێنەرێکی کریستیانەکان: داوا دەکەین ڕێککەوتنی هاوشێوەی شنگال بۆ دەشتی نەینەوا بکرێت

هەولێر-KDP.info- بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا ڕەوشی ئاڵۆزی دەڤەری شنگال ئاسایی دەکرێتەوە و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێت، پێویستە ڕێککەوتنی هاوشێوە بۆ دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەش بکرێت.
ڕوبینا تیاری، نوێنەری کریستیانەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بێگومان ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا هەنگاوێکی گرینگە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕەوشی شنگال و، کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنی و گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە دەبێت و قەزای شنگال تایبەتمەندیی خۆی هەیە."
نوینەرەکەی کریستیان دەڵێت: "پێویستە ڕێککەوتنی هاوشێوە بۆ ناوچەکانی دیکەش بکەین؛ لەوانە دەشتی نەینەوا کە بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و هەبوونی چەندین هێز لە ناوچە کریستیاننشینەکان و ئەنجامدانی پێشێلکاری، خەڵکی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەشێکی زۆری ئاوارەی کریستیان نەگەڕاونەتەوە لەبەر نەبوونی ئەمنییەت."
ڕوبینا تیار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەردەوام پێشێلکاری بەرامبەر گەلانی ئێمە دەکرێت لە دەشتی نەینەوا، ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە بەشێکە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەییی عێراق و دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسیی سەر ژیانیان."
قائید میرۆ




