٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا بابەکر: سەردانی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ھەماھەنگییە لەگەڵ بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندێکی سەربازیی ھەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی حکوومەتی فیدڕاڵ کۆ بوونەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە دەخوازێت ھەماھەنگیی سەربازی ھەبێت لە نێوان ھەردوولا.

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوە و سەردانی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا تەواوکەری کۆبوونەوەکانی ڕابردووە لە نێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، چونکە وەزارەتی پێشمەرگە دەخوازێت ھەماھەنگی و ھاوکاری ھەبێت لە بابەتە سەربازییەکاندا."

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ھەندێک جار ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە و ھەندێک جاریش بەھۆی ڕووداوە سیاسییەکانەوە ساردیی تێ دەکەوێت."

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشتر بڕیار بوو چەند ژوورێکی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بکرێن و ئەمڕۆش جەخت لەسەر ھەماھەنگی کرایەوە بۆ دروستکردنی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش و ھەبوونی پەیوەندیی سەربازی بۆ کارکردن پێکەوە." ھاوکات لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەکە راگەیاندرا کە دوو سەنتەری ھەماھەنگی ئەمنی لە ھەولێر و بەغدا دەکرێنەوە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار