"پێش ھاتنی ساڵی نوێ، ئۆتۆبانی دھۆك - ھەولێر تەواو دەبێت"

دهۆك-KDP.info- ئۆتۆبانی ھەولێر- دھۆك، لە سنووری پارێزگای دھۆك بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڕێوەبەری رێگاوبانی دھۆكیش دەڵێ، كوتایی ئەم مانگە پڕۆژەكە تەواو دەبێت و بە شێوەیەكی فەرمی دەكرێتەوە.
خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئۆتۆبانی دھۆك-ھەولێر، لە سنووری پارێزگای دھۆك 99 ٪ ی كارەكانی تەواو بووە و دوو چین قیری بۆ كراوە، ئێستاش كۆمپانیای جێبەجێكار سەرقاڵی قۆناغی وردەكاریی كۆتاییە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی رادەستی حكوومەت بكرێت كە 17 ئەم مانگە رادەست دەكات".
بەڕێوەبەری رێگاوبانی دھۆك دەشڵێت: "لە دیوی دھۆك ٢٢ كیلۆمەترە و لە گەل ١٦ كم رێگای بەدیل، كاری جوانكاری و رووناكی بۆ ئۆتۆبانەكە ئەنجام دراوە و بە شێوەیەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت، كە دوای تەواوبوونی، كارئاسانیی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەكات، چونكە رێگایەكی نێودەوڵەتییە".
لەبارەی كردنەوەی رێگاكە بە شێوەیەكی فەرمی، خەدیجە محەمەد روونی كردەوە: " كۆمپانیای كاڤین گروپی جێبەجێكار ١٧ ئەم مانگە رادەست دەكات، دواتر لە رێورەسمێكدا بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، كە بە كردنەوەی، رێگای نێوان ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆك زۆر كورت دەبێتەوە، چونكە رێگای خێرایە".
قائید میرۆ




