٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گولیزار رەشید: ھەرێمی كوردستان پابەندی بڕیارەكانی ئۆپێك بووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی چارەكردنی كێشەی نەوت و غاز، پێشڤەچوونیان بەخۆیەوە بینیوە و وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، ھەرێم پابەندی بڕیاری ئۆپێك بووە بۆ كەمكردنەوەی بەرھەم.

گولیزار رەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێك لە كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، پرسی نەوتە، بەڵام لە ئەنجامی دانوستانەكانی شاندی ھەردوولا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر كۆی پرسەكان لەبارەی كەرتی نەوت و غازیش پێشڤەچوون ھەبووە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی ھەردوولایە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەشڵێت: "لە ئێستادا ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە لەسەر پرسی نەوت و لە دواپێشھاتیش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق پابەندی بڕیارەكانی رێكخراوی ئۆپێك بووە و جێبەجێی كردووە، ئەوەش نیشانەی ھەبوونی ھەماھەنگیی باشە لە نێوانیاندا".

لەبارەی دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نیشتمانی، گولیزار رەشید روونی كردەوە: "دروستكردنی كۆمپانیا پێم وایە خۆدزینەوەیە زیاتر لە پرسی نەوت، چونكە بە گوێرەی دەستووری عێراق، پێویستە عێراق ببێتە خاوەن یاسایەكی یەكگرتووی نەوت و غاز ئینجا ھەنگاوی دیكە بنێن".

رەشید، جەختی لەسەر رۆڵی ھەرێمی كوردستان لە دانانی یاسای نەوت و غاز كردەوە و دەشڵێت: "نابێت ھەرێم وەك پاشكۆ سەیر بكرێت، بە پێچەوانەوە ھەردوولا پێكەوە یاسایەك بۆ نەوت و غاز ئامادە بكەن و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، ئەوكات ھەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن، چونكە یاسا رێگاچارەی كەرتی نەوت دیاری دەكات".

 

قائید میرۆ   

هەواڵی پەیوەندیدار