دەستەی وەبەرهێنان: ٦٧ پڕۆژەی دیكە بەپەلە جێبەجێ دەكرێن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ٦٧ پڕۆژەی دیكەیان لە ھەرێمی كوردستان راگەیاندووە و بڕیارە بەپەلە دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت، چونكە چەند ساڵێكە بە ھۆی رۆتینەوە جێبەجێ نەكراون. دەشڵێ: "ئێمە مۆڵەتیان پێ دەدەین كاری خۆیان بكەن و دواتر رێكارەكان جێبەجێ بكەن".
دكتۆر محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نووسراومان بۆ ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمان كردووە، كە ٦٧پڕۆژەمان راگەیاندووە و پەلە بكەن لە مۆڵەتدان بەو كەسانەی ئەنجامیان دەدەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات مۆڵەت وەربگرن و پڕۆژەكان بكەونە كار".
شوكری گوتیشی: "ئەم پڕۆژانە، ئەوانەن كە لە ساڵی ٢٠١٧ پێویست بوو ئەنجام بدرێن و بە ھۆی رۆتینەوە دواكەوتوون، بۆیە ئێستا دەمانەوێت بەپەلە ئەنجامیان بدەین".
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "دەرفەت بەو كەسانە دەدەین كاری خۆیان بكەن و دواتر رێكارەكان دەگرینە بەر ئەوەی پێویست بێت لە ڕووی یاساییەوە، چونكە پڕۆژەكان زۆر دواكەوتوون".
دەشڵێ، پڕۆژەكان زیاتر پیشەسازی و كشتوكاڵی و تەندروستین و بڕیارە كۆمەڵێك وەبەرھێنەر ئەنجامیان بدەن.
بڵند ئیبراھیم




