ئایدن مەعرووف: رێککەوتنی شنگال ھەنگاوێکی زۆر گرنگ و مرۆڤایەتییە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی شنگال ھەناوێکی گرنگە و مرۆڤایەتییە، چونکە شەش ساڵە ئەو خەڵکە لە ژێر خێمە دەژین و ئێستا دەگەرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئایدن مەعرووف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتنێکیان کردووە و بەپێی ئەو رێککەوتنە خەڵکی ئاوارەی شنگال کە شەش ساڵە لەژێر خێمەکان دان دەگەرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆیە پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکەین و بە ھەنگاوێکی ئیجابی و مرۆڤایەتی دەزانین، چونکە گوناھە ئەو خەڵکە بەو شێوەیە ھێندە ساڵە لەژێر خێمەدان و پێکھاتەیەکی گرنگە کە ئێزدین".
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ھەر رێککەوتنێکی دیکە بۆ ناوچەکانی دیکە بکرێت ئێمە پێمان باشە، بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بە ئارامی بژین، چونکە ھێشتا ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکە نەگەراونەتەوە.
وتیشی، ئەوەی کراوە سەرەتایەکی باشە کە حکومەتی ھەرێم ناویەتی و چیتر ئەو خەڵکە لەژێر خێمە نابن و بە ئارامی دەگەرێنەوە بۆ ناوچەکانیان و ھەردوو حکومەت بە ھاوبەشی ئەو ناوچەیە بەرێوەدەبن.
وتیشی، پێویستە مرۆڤ ھەمیشە سەیری لایەنی ئیجابی مرۆڤایەتی بکات و ناکرێت لێکدانەوەی خراپی بۆ بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




