خەسرۆ گۆران: بە پێی کۆتای ئافرەتان یاسای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق دیاریکرا

هەولێرـKDP.infoـ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، بە پێی کۆتای ئافرەتان یاسای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق دیاریکرا، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، عێڕاق بۆ ٨۳ بازنە دیاریکرا و لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کۆبووینەوە و باسمان لە تەواوی یاساکە و ناکۆکییەکانی سنوری ماددەی۱٤۰ـی ناوچە کوردستانییەکان کرد.
۱۰ـی ۱۰ـی ۲۰۲۰ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق کۆبوونەوە لەبارەی یاسای هەڵبژاردن، کە پەرلەمانی عێڕاق لە کۆتایی ۲۰۱۹دا یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە کە بە پێی ڕێککەوتنی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دەدرێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕیی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەر درا، کە بەشێوەیەکی فرەبازنەییی بێت عێڕاق کرابە ٨۳ بازنە چونکە ٨٥ کورسی ئافرەت هەیە، بەپێیی کۆتاکان دەبێ لەسەدا ۲٥ـی ئافرەت بێت."
گۆران، گوتیشی: "یاسەکە بە فرەبازنەیی تێپەڕێنرا، بەڵام شێواز و رێکاری بازنەی ھەڵبژاردنەکانیان یەکلایی نەکردۆتەوە، لە دانیشتنی ئایندەی پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە."
بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر گووتی: "سنوری بازنەکان مشت و مڕی لەسەر دەکرێت، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی ۱٤۰ کە ناوچەی تێکەڵاوە لە کورد و عەرەب و تورکمان و شیعە و سوننە و ئێزیدی، بۆ نمونە پارێزگای هەولێر پێشوتر یەک بازنە بوو لە هەڵبژارنی ۲۰۱٨ ئەمجارە دەبێتە چوار بازنە چونکە هەولێر پانزە کورسی هەیە لە پەرلەمانی عێڕاق ئەو پانزەیە چواری ئافرەتە."
فایزە کۆیی




