بە گوژمەی پێنج ملیار دینار ڕێگاوبانەکانی دەڤەری سۆران قیڕتاو دەکرێن

سۆران - KDP.info - قایمقامی قەزای سۆران بەوەکالەت ڕاگەیاند، دوای دیراسەکردنی بەشێکی ڕێگاوبانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران لەلایەن پارێزگای ھەولێرەوە ڕەزامەندی وەرگیرا بۆ قیڕتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و ئێستا لە قۆناغی کارکردندان و، ھەوڵ دەدەن پێش ھاتنی وەرزی زستان ھەموو پرۆژەکان لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێن.
مەغدید مەعروف، قایمقامی سۆران بەوەکالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بەشێک لە ڕێگاکان قیڕتاو کران و نۆژەن کرانەوە، لەوانە ڕێگای زارگەلی و گوندی ھاودیان کە دەڤەری سۆران بە قەزای مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و کەمەربەندیی خەلیفان و ژمارەیەک گەڕەک لە سەنتەری قەزای سۆران و ناحیەی دیانا کە ئەم ڕێگاوبانانە پێویستیان بە قیڕتاوکردن و نۆژەنکردنەوە ھەبوو.''
ھەروەھا ڕایشیگەیاند: "ئەمڕۆش دەست کرا بە قیڕتاوکردن و چاککردنەوەی ڕێگای سیدەکان-سۆران، کە ڕۆژانە ھاتوچۆی زۆری لەسەر ھەیە، بەتایبەتی ئەو ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ گرینگە و سوودی زۆری بۆ ھاووڵاتییان و جووتیاران دەبێت، قیڕتاوکردنی ڕێگای سیدەکان گوندی کەژەک کە ماوەی چەند ساڵێکە ھاووڵاتییان گرفتیان ھەیە لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانی تەواو دەکرێت."
ناوبراو دەشڵێت: "لە داھاتوودا کار لەسەر ڕێگاکاکانی سپیلک-خەلیفان و خەلیفان-دۆڵی ئاڵانە دەکەین کە ئەو ڕێگایانەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە."
سیروان سابیر




