''بە پێشوازیی نێوخۆیی و جیهانی ئیدارەیەکی نوێ لە شنگال بەڕێوەیە ''

شنگال-KDP.info- هەرکە ڕێککەوتن لەسەر پرسی شنگال کرا. جگە لە قبووڵێکی نێوخۆیی، قبووڵیکی جیهانیشی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەندامێکی ئێزدییش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی باشە و بە گرنگییەوە تەماشای دەکەین، ئەمە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و تەواوی ناوچەکانی تر.
دوای ئەوەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەڕێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکی ئێزدیدا لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال لە لایەن کابینەی نوێی حکوومەتەوە گوتی، ئەوان گەیشتوونەتە تەفاهوم و ڕێککەوتن لەسەر پرسی شنگال، دواتر هەنگاوەکان دەستیان پێ کرد و شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا و ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو حکوومەتدا کرا.
هەدیە موراد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو ڕێککەوتنەی شنگال یەکەم هەنگاو بوو بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەپێی ماددەی ١٤٠ و ئێمە لە پەرلەمان چاودێری و بەدواداچوون دەکەین و لەگەڵ ئەو لیژنەیەی حکوومەت هەماهەنگیمان دەبێت."
گوتیشی: ''ئەم ڕێککەوتنە بەزوویی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و خەڵکی شنگال بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.''
''چەندین دانیشتن لەسەر شنگال و ناوچەکانی دیکە لە پەرلەمان کراوە، ئەوەی کرا هەنگاوی یەکەم بوو لە نزیکترین کاتیشدا هەنگاوی دووەم کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەیەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.'' ئەو وای گوت.
'' چاکسازیی سیاسی و دیپلۆماسی''
ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی باڵا و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد و بەرپرسە باڵاکانی عێراقەوە واژۆ کراوە، ڕێککەوتنەکە چەند پرسێک لەسەر ئاستی ئیداری و ئەمنی و گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆی دەگرێت.
لەو بارەیەوە، ئیدریس زۆزانی، کارگێرێکی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هیشتا ئەوان بە تەواوی نازانن نێوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە چۆنە، بەڵام ''بەربژێری''خۆیان هەیە بۆ قایمقامی شنگال و هەرکات سەرکردایەتییەکەیان بڕیاری دا، ئەوان لەگەڵ ئیدارە نوێیەکە دەگەڕێنەوە.
''پێشوازیی نێوخۆیی و جیهانی''
هەر دوێنی جینین پلاسخارت، نێردهی تایبهتی نهتهوه یهكگرتووهكان بۆ هاریكاریی عێراق له بهیاننامهیهكدا دووپاتی كردهوه: "پێشوازی له ڕێكکهوتنی نێوان ههولێر و بهغدا لهبارهی شنگال دهكهن و ڕایگەیاند، ئهمه دهستپێكی ههنگاوێكی گرنگه به ئاراستهیهكی ڕاست.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 9ی تشرینی یەكەمی 2020 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك مەسعوود بارزانی و بەڕێز مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال تاوتوێ كرا.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو ڕێككەوتنە گرنگە دەربڕی و جەختیشیان لەوە كردەوە كە ڕێككەوتنی لەم شێوەیە ئاماژەیە بۆ بەهێزبوونی متمانەی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی، لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە گوتی: ''ئهم ڕێككهوتنه ههنگاوێكى نیشتمانیانهى دروسته له بهرژهوهندیى تهواوى وڵاتدا و دهبێته هۆى بنیاتنانهوه و پتهوكردنى متمانه لهنێوان حكوومهتى فیدراڵیی عێراق و حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا، هیوادارین ههنگاوى دیكه بۆ چارهسهركردنى تهواوى كێشهكانى نێوان ههردوولاى بهدوادا بێت و گهڕانهوهیهكى سهربهرزانه و ئارام و بێ كێشه بۆ خوشك و برایانى ئێزدى و تهواوى خهڵكى شنگال و سهقامگیرى و ئاوهدانكردنهوهى ناوچهكه، دابین بكات."
''وەدەرنانی گرووپی نایاسایی''
زۆزانی گوتیشی: ''ئەوان چاوەڕێی دەستپێکردن و جێبەجێکرنی ڕێککەوتنەکەن ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز و دەبێ سەرەتا ئەو هێزو گرووپە نایاساییانە دەربهێنرێن و کارئاسانی بۆ خەڵک بکرێت تاوەکو بگەڕینەوە ناوچەکانیان."
ئهحمهد مهلا تهڵال، وتهبێژی سهرۆکوهزیرانی عێراق، ڕایگهیاند كە مستهفا کازمی، چاودێریی ڕێککهوتنی تایبهت به شنگالی کردووە و ئەو ڕێككەوتنە دهسەڵاتی حکوومهتی فیدراڵ لهو شاره بههێز دەكات.
سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگاکانیشی گوتی: ''شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە و شوێن نفوزی پارتییە و خەڵک دەنگییان بە پارتی داوە و دەبێ پارتی ئیدارەی شنگال بەڕێوە ببات، ئەم ڕێککەوتنە پاڵپشتییەکی جیهانیی پێوە دیارە و هیوادارین ببێتە ڕێکخۆشکەرێک بۆ تەواوی خەڵکی شنگال و بە سەربەرزی لە شارەکەیاندا ژیان بەڕێ بکەن".
کــاروان بــاعەدری




