زێباری بۆ KDP باس لە هۆکاری دواکەوتنی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەکات

هەولێر-KDP.info- هەرچەندە ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پێکھێنانی ژمارەیەک ژووری ھەماھەنگی بۆ ناوچە کوردستانییەکان رێککەوتوون، بەڵام وەک بەرپرسێکی سەربازیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھۆکاری دواکەوتنی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە، نەبوونی سەرچاوەی بڕیارە لە بەغدا.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پێشتر رێککەوتن ھەبووە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ پێکھێنانی ژمارەیەک ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ھەبوونی رێککەوتن و دانوستان، پڕۆسەی کردنەوەی ناوەندە ھاوبەشەکان دواکەوتووە و دیاریش نییە کەی دەکرێنەوە و دەستبەکار دەبن.
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ھۆکاری دواکەوتنی کردنەوەی ناوەندی ھاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆن، بۆ ناسەقامگیریی رەوشی عێراق و نەبوونی سەرچاوەی بڕیار لە عێراق دەگەڕێتەوە، چونکە ھیچ ناوەندێکی بڕیار لە عێراق نییە تا بڕیاری کۆتایی لەسەر کردنەوەی ناوەندە ھاوبەشەکانی ھەماھەنگی بدات.
زێباری جەختیشی کردەوە، ئەگەر ناوەندی ھەماھەنگی بکرێنەوە و ھەماھەنگی بکرێت لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا، ئەوە بێگومان کاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرێستانی داعش دەبێت، چونکە بۆشایی ئەمنی دروست بووە و چەکدارانی داعش کەڵک لە بۆشایی ئەمنی وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و خۆڕێکخستنەوە.
قائید میرۆ




