بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە: شەممەی داهاتوو سەرجەم قوتابخانەکان دەکرێنەوە

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی ۲۷ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێیدا و دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی قوتابیانی پۆلی دوانزەهەمی ئامادەییدا کرانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێریش دەڵێت، شەممەی داهاتوو قوتابخانەکان بە ڕووی قوتابیانی پۆلی یەکەم و دووەمی بنەڕەتیدا دەکرێنەوە، لە هەمان کاتیشدا خوێندنی ئەلیکترۆنیی پۆلەکانی تر دەست پێدەکات.
بەشدار عەبدولخالق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی شەممەی داهاتوو، دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت بۆ پۆلی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، کە سەرەتای خوێندنیانە، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا پۆلی سێیەمی بنەڕەتی تا یانزەهەمی بنەڕەتی، بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتیشی: "ماوەی چەند ڕۆژێکە دەست بە پاککردنەوەی گشت قوتابخانەکان و دەرمانڕێژکردنی سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها کۆبوونەوە بە گشت بەڕێوەبەری قوتابحانەکان کراوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێکارە نوێیەی پێیان گوتراوە، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و قوتابی لە هۆڵەکانیان کەم بکرێنەوە، کە پێویستە هەر دوو قوتابییەک مەتر و نیوێک نێوانیان بێت لە نێو هۆڵەکانی خوێندندا و، مامۆستایانیش بەردەوام فێری خۆپارێزی و پاکوخاوێنییان بکەن".
عەبدولخالق دەشڵێ: "لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی 500 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابیان دابین کراوە، وەک دەمامک و پاککەرەوەی دەست و دەستکێش و پێداویستییە تەندروستییەکانی دیکەی خۆپارێزی".
فایزە کۆیی




