"مەرجی کورد بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعییە"

شنگال-KDP.info- ئەمڕۆ پارێزگاری نەینەوا ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی ھاوبەش لە شنگال پێک دێت و بەرپرسی لقی پارتیش لە شنگال ڕەتی کردەوە ئامادە بن بچنە ژێر ھیچ مەرجێک بەبێ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال.
قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ئیدارەیەی ئێستا شنگال بەڕێوە دەبات شەرعی نییە و پەکەکە و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر قەزای شنگالدا گرتووە، لەو بڕوایەشدا نین لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕەوشی نائاساییی شنگال ئاسایی بکرێتەوە."
لەبارەی پێکھێنانی ئیدارەی ھاوبەشەوە بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ھیچ دانوستانێکی ئەوتۆ نییە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و باوەڕ ناکەم کاتێکی نزیک پڕۆسەکە سەر بگرێت، چونکە تاکە مەرجی کورد و پارتیش بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعییە بۆ ناوچەکە، چونکە ھەڵبژێردراوی خەڵکی ڕەسەنی شنگالە."
پەیوەست بە گەڕانەوەی خەڵکیش قادر قەچاخ ڕوونی کردەوە: "تا ئێستا ٨٠%ی ئاوارەکانی شنگال لە ھەرێمی کوردستانن و ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان تا دڵنیا نەکرێتەوە لە پاراستنی ژیانیان."
گوتەکانی قادر قەچاخ لە کاتێکدایە ئەمڕۆ نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندبوو لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕەوشی شنگال ئاسایی دەکرێتەوە و ئیدارەی ھاوبەش پێک دێت.
قائید میرۆ




