مازن محەمەد: زیاتر لە پەنجا پڕۆژەمان بۆ قەزای ئاکرێ پێشنیار کردووە

ئاکرێ-KDP.info- لە سنووری قەزای ئاکرێ لیستێک بۆ پڕۆژەکانی سنوورەکە ئامادە کراوە و قایمقامی ئاکرێش دەڵێت، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی پێشکەشی حکوومەت دەکەین و بە جێبەجێکردنیان گۆڕانکاری بەسەر قەزای ئاکرێدا دێت.
مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئیدارەی قەزای ئاکرێ خەریکی ئامادەکردنی لیستێکی ئەو پڕۆژانەیە، کە پێویستن بۆ خەڵکی ئاکرێ و لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ئاکرێ لیستەکە ئامادە دەکرێت و دواتر پێشکەشی حکوومەتی دەکەین بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنیان بدرێت، ھەموو پڕۆژەکانیش خزمەتگوزارین و لە بەرژەندیی ھاووڵاتییانی ئاکرێن."
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت: "لەو لیستەی پێشکەشی حکوومەت دەکەین پڕۆژە ستراتیژی و پڕۆژەی ئاسایی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ زیاتر گرینگی بە ڕێگاوبانەکان بدرێت بۆ نموونە بە دووسایدکردنی ڕێگای ئاکرێ گەلی زنتا بۆ ناحیەی دینارتە، ھەروەھا دروستکردنی ئوڤەرپاس لە دەروازەی ئاکرێ و شەقامی بازانەییی نێو سەنتەری ئاکرێ."
مازن محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەندێک لەو پڕۆژانەی دەمانەوێ جێبەجێ بکرێن پڕۆژەی ستراتیژین بۆ قەزای ئاکرێ و پارەی زۆریان دەوێت بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام دوای جێبەجێکردنیان ئاکرێ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەکردن."
قائید میرۆ




