پەرلەمان: نەماندەزانی کۆبوونەوەکە وا درێژ دەبێت.. حکوومەت وەڵامی تێروتەسەلی پێ بوو

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ھاتنی تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان، لە ئێستادا حکوومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکی تێروتەسەلە لەبارەی یاسای چاکسازییەوە و بەم زووانە بۆ پەرلەمان رەوانەی دەکات.
مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموکراتی کوردستان گوتی، تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کرد و روونکردنەوەی تەواویان لەبارەی تێکڕای پرسەکان دا و وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی پەرلەمانتارانیشیان دایەوە، هەروەها ھەرچی پرسیارێک ھەبوو حکوومەت لەسەر کۆی پرسەکان وەڵامی تێروتەسەلی پێ بوو.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، دوای ھاتنیان بۆ پەرلەمان، تیمی حکوومەت ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکی تێروتەسەلن لەبارەی جێبەجێکردنی ھەنگاوەکانی یاسای چاکسازی و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی بکەن و رەوانەی پەرلەمانی بکەن.
دەشڵێ: "هیچ هۆکارێک بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی ڕابردوو نەبوو، جگە لەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی ھاوبەش ئامادە نەبوو بە ھۆی ئەوەی تیمی حکوومەت ١٠ سەعات لە پەرلەمان مانەوە و کات نەبوو راپۆرت ئامادە بکەن، ئێمەش نەماندەزانی کۆبوونەوەی حکوومەت و پەرلەمان وا درێژ دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




