حكوومهت راپۆرتی سێ مانگی یهكهمی جێبهجێكردنی یاسای چاكسازی رهوانهی پهرلهمان دهكات
__2020_05_17_h20m22s24__HK__2020_10_07_h17m53s44__HK.jpg)
ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/7 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لە بەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لە گەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە . بۆ ئەم مەبەستەش ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد،ڕێکاریی کارگێڕیی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ( 2) ی ساڵی 2020 خستەڕوو، کە تێیدا بڕیارو پەیڕەو ڕێنمایی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ڕوونکراونەتەوە ، لە گەڵ خستنەڕووی پلانی حکومەت، بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی بەشەکانی تری یاسای چاکسازی ، لە لایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ، لە ئایندەیەکی نزیکدا ، ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات هەروەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەردەم پەرلەمان ، ئاماژەی پێدابوو.




