٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆنفرانسێک بۆ ھەمەجۆرکردنی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەبەسترێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سبەی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبیتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە بەستنی کۆنفرانسێکی بازرگانی دەکرێت بۆ ئەوەی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنە ھەمەجۆرە و تەنھا یەک داھات نەبێت. شارەزایەکی ئابوورییش دەڵێت، حکوومەت ئەگەر داھاتەکان بکاتە ھەمەجۆر، نرخی نەوتیش دابەزێت کاریگەریی لەسەر ئابووریی ھەرێم نابێت، بۆیە گرنگە پەلەی لێ بکرێت.

گوتەبێژی ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، کاروان سوورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی ھەرێمی کوردستان بڕیار درابوو کە کۆنفرانسێکی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت، بەڵام نەخۆشیی کۆرۆنا ھات و کۆنفرانسەکە دوا خرا و بڕیارە سبەی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی ھەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە کە سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەرێمیش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری دەکات و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەش باسکردن دەبێت لەو کۆنفرانسە."

کاروان سوورچی گوتیشی: "کۆنفرانسەکە گرنگیدانە بە کەرتی ئابووری و ھەمەچەشنکردنی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانە، بۆیە چەند وڵاتێک داوەت دەکرێن و بازرگانانی عێراق و ماموستایانی زانکۆش هەر داوەت دەکرێت و کۆنفرانسێکی گەورە دەبێت."

دکتۆر ئەرشەد تەھا، ماموستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەداخەوە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و زۆرێک لە وڵاتان تەنھا پشت بە یەک سێکتەر دەبەستن، بۆیە ئەگەر نرخی نەوت دانەبەزێت و جێگیر بێت، نابێ تەنھا پشتی پێ ببەسترێت و سێکتەرەکانی دیکە پشتگوێ بخرێت؛ وەکو پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و گواستنەوە. ئەو سێکتەرانە دەبێ دەرفەتی کار بڕەخسێنن و داھات بدەنە حکوومەت. ئەمەریکا گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتە، بەڵام پشتی لە سێکتەرەکانی دیکە نەکردووە و گەورەترین وڵاتی پیشەسازییە و لەگەڵ چوار وڵاتی دیکە گرنگییەکی زۆر بە کشتوکاڵ دەدەن، بۆیە پێویستە داھاتەکانی هەرێمیش ھەمەجۆر بن بۆ ئەوەی تووشی قەیران نەبین."

گوتیشی: "ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان گرنگی بە کشتوکاڵ بدرێت فشاری سەر حکوومەت لە ئاو و کارەبا و یەکەی نیشتەجێبوون کەم دەبێتەوە و خەڵک ڕوو دەکەنەوە گوندەکان بۆ کشتوکاڵ، بۆیە پێویستە بە زووترین کات کار لەسەر سێکتەرەکان بکات بۆ ئەوەی نرخی نەوتیش دابەزێت کاریگەریی لەسەر ھەرێمی کوردستان نەبێت."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار