٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سیریل: فەڕەنسا وەك هاوبەشێكی گرنگ لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لایەن بەرپرسی مەكتەب و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، پێشوازی لە جوگرافیناس و توێژەری ناسراوی فەڕەنسی دۆستی گەلی كورد دكتۆر (سیریل ڕۆسێڵ) كرا، كە بۆ ناوەندی لێكۆڵینەوەی نیشتیمانیی فەڕەنسی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و پەیمانگای خۆرهەڵاتی نزیك / فەڕەنسی، كار دەكات.

لە دیدارەكەدا، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی، وێڕای بەخێرهێنانی دكتۆر سیریل، دەستخۆشی لە كار و توێژینەوەكانی كرد لەسەر كۆمەڵگای كوردستان و ناساندنی ڕەوایی دۆزی گەلی كورد بە كۆمەڵگای فەڕەنسی و دامەزراوە گرنگەكانی وڵاتەكەی و ناوەندەكانی سیاسی، ستراتیژی و ئەكادیمی،  بۆ بەردەوامیدان و سەرخستنی پڕۆژە و توێژینەوەكانی لە هەرێمی كوردستاندا. پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكی خستە ڕوو بۆ بەردەوامی و سەركەوتنی توێژینەوەكانی لە كوردستان، لە لایەكی تریشەوە  شیكردنەوەیەكی شیكارییان لە سەر ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی كۆمەڵگای كوردستان و كەلتووری بەرزی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نێوان گەلی كورد و سەرجەم ئایین و نەتەوەكان كرد و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بنیادنانی كۆمەڵگایەكی كراوە و شارستانی بۆ هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا، هەروەها باسی دواپەرەسەندنەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی كرا، كە كاریگەرییان بەسەر دۆزی گەلی كورد و هەرێمی كوردستانەوە هەیە و لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەڵامی پرسیارە شیكارییەكان درایەوە.

دكتۆر سیریل ڕۆسێل، جوگرافیناس و توێژەری فەڕەنسی سەر بە ناوەندی لێكۆڵینەوەی نیشتیمانیی فەڕەنسا، كە لەگەڵ پەیمانگای فەڕەنسی بۆ خۆرهەڵاتی نزیك كار دەكەت، پێشتر لە سووریا و ئوردن و چەندین شوێنی تر كاری كردووە، بەڵام لە ئێستادا كار لەسەر توێژینەوەكانی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەكات لەسەر كورد و كوردستان. هەروا ئەنجامی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكانی لەسەر كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا وەك ئەتڵەسی كوردستان بڵاو دەكاتەوە، كە بە جیا باسی لایەنی جوگرافی، مێژوویی و كەلتووری و زمان و سرووشت و مێنتاڵیتی گەلی كورد دەكات، ئەم كارەشی وەك توێژینەوە لە دوو بەرگ پێك هاتووە، كورد و كوردستان لە ڕابردوودا و باسكردنی ئێستا و ئایندەی گەلی كورد و ئەزموونی هەرێمی كوردستان و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و دۆخی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان و پەرەسەندنەكانی ناوچەكەش دەكات، كە كاریگەرییان بەسەر دۆزی كوردەوە هەیە.

ناوبراو لە ڕابردوودا چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و سەردانی زۆر شوێنی كردووە، كە جێی مەترسی بوون لە سەردەمی شەڕی داعش بە تایبەتی، بەڵام هەوڵی داوە توێژینەوەیەكی پاك و بێگەرد لەسەر كورد و هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگای كوردەواری ئامادە بكات. لە فەڕەنسا گرنگی بە توێژینەوەكانی دەدەن و تاكو ئێستا چەندین توێژینەوەی لەسەر كورد لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی نیشتیمانیی فەڕەنسی و دامەزراوەكانی تری شیكاری و ستراتیژی دا بڵاو كردۆتەوە.

بڵاوكردنەوەی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكانی دكتۆر سیریل، بۆ ناساندنی كۆمەڵگای كوردستان و دۆزی كورد لە فەڕەنسا دەبنە سەرچاوەی گرنگی ئەكادێمی بۆ هەموو ئەو كەس و دامەزراوانەی گرنگی بە پرسی كورد و هەرێمی كوردستان دەدەن.                                                                                                                                چەندین توێژینەوەی ناوبراو لەسەر كورد لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی نیشتیمانیی فەڕەنسی و دامەزراوەكانی تردا  بڵاو كراونەتەوە.

دكتۆر سیریل ڕۆسێڵ، توێژەر و شیكارێكی ناسراوی فەڕەنسییە، كە لە ڕابردوودا و بە تایبەتی لە ٢٠١٣ – ٢٠٢٠  لە چەندین سەردەمی  جیاوازدا بە تایبەتی لە كاتی شەڕی بەرگری لە خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان دژ بە تیرۆریستانی داعش، چەند جارێك هاتووەتە هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك توێژینەوەی گرنگی لەسەر كورد و كوردستان ئەنجام داوە.

دكتۆر سیریل، پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)ـدا هەبووە و گرنگیی بە دیدگای پارتی لەسەر پرسە هەستیارەكان داوە. ئەو توێژینانەی دكتۆر سیریل بۆ حكوومەتی فەڕەنسا و دامەزراوەكانی ستراتیژی و شیكاری وڵاتەكەی ئەنجامی داون، لە ئایندەیەكی نزیكدا وەك پەرتووك بڵاو دەكرێنەوە. بۆ ئەوەی باشتر ئاشنای كۆمەڵگای كوردستانی و دۆخی گەلی كورد و پێكهاتەكانی ببێت، لە ئێستادا ناوبراو بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكانی لە كوردستان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەیمانگای خۆرهەڵاتی نزیك / فەڕەنسی كە ئۆفیسیان لە هەولێرە، درێژە بە كار و ئەركەكانی دەدات و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ زانكۆ و ناوەندەكانی زانستی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە خزمەت بە دەوڵەمەندتركردنی توێژینەوەكانی دەدات.

دكتۆر ڕۆسێڵ ڕایگەیاند، بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و كەلتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە نێوان گەلی كورد و هەموو پێكهاتەكانی ئایینی و ئیتنی و دۆخی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە كوردستان، كە هۆكاری مانەوە و گەشەپێدانی كوردستانە و گوتیشی، فەڕەنسا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە چاوی ڕێزەوە وەك هاوبەشێكی گرنگ لە ناوچەكەدا لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن.

هەواڵی پەیوەندیدار