ئەنجامەکانی ئەو ھێرشانەی لە عێراق ئەنجام دەدرێن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن

هەولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق لەسەر کۆی ئەو ھێرشانەی لە عێراق ئەنجام دەدرێن و ئەو مووشەکانەی ئاراستەی هەولێر کراون، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروست کردووە و کارەکانیان دەست پێکردووە، کە نوێنەری کوردیشی تێدایە و ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ماوەیەکە چەندین ھێرش کراونەتە سەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە عێراق و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا چەند مووشەکێک ئاراستەی ھەولێر کران لە دەشتی نەینەوا، بۆیە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەک دروست کراوە بە بەشداریی نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق و لیژنەکە دەستیشی بە کار کردووە و لێکۆڵینەوە لەو ھێرشانە دەکات.
تەڵعەت گوتیشی، لێژنەکە لێکۆڵینەوەی ورد دەکات، بۆ ئەوەی دیار بێت و بزانن کێ ئەو کارەی کردووە و دواتریش ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




