"مه‌سروور بارزانی به‌سته‌ڵه‌کی په‌رله‌مان و حکوومه‌تی توانده‌وه"

هەولێر -KDP.info- به‌پێی به‌دواداچوونێکی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر کاره‌کانی حکوومه‌ت به داتا و زانیارییه‌وه ئاماده کردووه و دوای پێداچوونه‌وه ئه‌و ڕاپۆرته ده‌درێته په‌رله‌مان، هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانیش دڵخۆشن به شێوه‌ی هاتنی سه‌رۆکی حکوومه‌ت و تیمه‌که‌ی بۆ په‌رله‌مان.
کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە 5-10-2020، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە 8ـی ئاساییی خولی پایزه‌ی ساڵی دووه‌م له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی خۆی دەست پێ کرد.
لەو دانیشتنەدا، کە لەسەر داوای مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساز کرا، سەرۆکی حکوومەت ڕاپۆرتێکی لەبارەی بارودۆخی هەنووکەییی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
مەسروور بارزانی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەیەوە بە گرنگییەوە بایەخی بە پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیکەی کوردستان داوە، ”دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێز و پتەومان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەكان هەبووە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر جێبەجێكردنی باشتری كارنامەی كابینەی نۆیەم هەبووە“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، بەبێ موزایەدە، دەستی بە پرۆسەی چاکسازی و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە وردەکارییەکانی پرۆسەکە، کردووە.
مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە پەتای کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، قەیرانی دارایی و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێمی کوردستان و ئابوورییەکەی، دروست کردووە.
مەسروور بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی کە کابینەی نۆیەمی حکوومەت تووشی کۆسپ و تەگەرەی زۆر بووە، ڕایگەیاند، ”چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمە و هەر لە سەرەتاوە زۆر بە جددی كارمان لەسەر كردووە، بەڵام پرۆسەیەكی بەردەوامە و بە شەو و ڕۆژێك تەواو نابێت، لە چەند ئاستێكی جیاواز چاكسازیمان دەست پێ كردووە كە دارایی و كارگێڕییە“.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ”کۆبوونه‌وه‌ی تیمی حکوومه‌ت و په‌رله‌مان سه‌رکه‌وتوو بوو، به قسه‌ی په‌رله‌مانتارانیش، سه‌رۆکی حکوومه‌ت و جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌ت، له ئه‌دا و کاره‌کانیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر، ڕوونکردنه‌وه‌یان دایه په‌رله‌مانی کوردستان، هه‌رچه‌نده‌ش په‌رله‌مانتاران، به ڕاشکاوانه ئه‌وه‌ی هه‌یانبوو خستیانه ڕوو، به‌تایبه‌ت پرسی سنووره‌کان و چاکسازی و داهات و پرسی نه‌وت، له به‌رانبه‌ردا سه‌رۆکی حکوومه‌ت و تیمه‌که‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیان دایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان حکوومه‌ت و په‌رله‌مان سه‌رکه‌وتوو بێت، ده‌بێ هه‌وڵ بدرێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه ئاسایی بێت“.
گوتیشی: “هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی ئاساییی ئه‌م دوو دامه‌زراوه‌یه به شێوه‌یه‌کی ئارام وه‌ک ئه‌وه‌ی بینیمان له کۆبوونه‌وه‌که ئه‌وه گرنگه بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌کان و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌کی نوێیه بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسه‌کان، ئه‌وه‌ش وای کرد متمانه‌ی زیاتر دروست بکات، زۆر که‌س ده‌یانگوت ئه‌وه تیمی حکوومه‌ت ناوێرت بڕوات، ئه‌وه ناتوانرێت پرسیار بکرێت، په‌رله‌مان خۆی ده‌دزێته‌وه، که‌چی هیچی وا ده‌رنه‌چوو، نه په‌رله‌مان خۆی دزییه‌وه و نه حکوومه‌ت خۆی له به‌رپرسیاریه‌تی ڕاماڵی، بۆیه به‌گشتی کۆبوونه‌وه‌که گرنگ بوو و ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت له‌و ڕوانگه‌وه چانسێک بدرێته ژیانی په‌رله‌مانی و چانسه‌که‌ش ئاوا ده‌بێت که ١٠ کاتژمێر په‌رله‌مان و حکوومه‌ت گفتوگۆیان کرد و کۆبوونه‌وه‌که سه‌رکه‌وتوو بوو“.
هه‌ر له‌م بارەیەوه، ڕێبوار بابکه‌یی، سه‌رۆکی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هاتنی سه‌رۆکی حکوومه‌ت بۆ په‌رله‌مان گرنگ بوو، چونکه سه‌رۆکی حکوومه‌ت باوه‌ڕی به پرۆسه‌ی دیموکراتی هه‌یه و باوەڕی به پرۆسه‌ی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه، ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێکردن و ئه‌وه‌ش وه‌رچه‌رخانێکی گرنگه بۆ کوردستان و ڕێزگرتن له پره‌نسیبی دیموکراتی و ڕێزگرتنی حکوومه‌ت له په‌رله‌مان، به‌پێی ماده ٦٦ی و برگه‌ی دووه‌م ئه‌و گفتوگۆیه کرا بۆیه هیوادارین ئه‌م کۆبوونه‌وەیە بووبێته مایه‌یی باوەڕی خه‌ڵکی کوردستان، چونکه باوەڕمان هه‌یه به‌ڕێز کاک مه‌سروور بارزانی، خۆی له کارنامه‌ی کابینه‌ی حکوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌و خاڵانه کردووه که له وتاری په‌رله‌مان خستییه ڕوو، ئه‌وانیش پرسی مووچه و قه‌یرانی دارایی و داهات و خاڵه سنوورییه‌کان، له هه‌مان کاتدا زۆر پرسی دیکه که بینیمان په‌رله‌مان و تیمی حکوومه‌ت ١٠ کاتژمێری خایاند و وه‌ڵامی سه‌رۆکی حکوومه‌ت گومانی زۆری ڕه‌وانده‌وه که له‌دژی حکوومه‌ت ده‌کران، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو سه‌رۆکی حکوومه‌ت باوەڕی ته‌واوی دروست کرد به‌وه‌ی که پرۆسه‌ی چاکسازی و ڕوونکردنه‌وه له‌سه‌ر گرفته‌کان واقیعی بوون.''
ڕایشیگه‌یاند: ''کابینه‌ی نۆیه‌م ڕێزێکی تایبه‌تی بۆ په‌رله‌مان داناوە و له ماوه‌ی یه‌کساڵدا په‌یوه‌ندیی زۆر باش هه‌بووه له نێوان په‌رله‌مان و حکوومه‌ت و له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین کۆبوونه‌وه له نێوان سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و حکوومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم کراوه، چه‌ند جارێکی دیکه‌ش وه‌زیره‌کان سه‌ردانی په‌رله‌مانیان کردووه و له کۆبوونه‌وه‌کان به‌شدار بوون، ئێمه به‌رده‌وام پرسیارمان له حکوومه‌ت کردووه، ڕه‌نگه به هۆکاری هونه‌ری وه‌ڵامه‌کان دوا بکه‌ون، به‌ڵام هه‌ر وەڵام دراونه‌ته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی کرا ده‌ستپێکێکی باش بوو مکوڕبوون بوو له‌سه‌ر پێوەندیی سیستماتیکی نێوان هه‌ردوولا، بینیشمان چۆن کاردانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو له ئاستی جه‌ماوه‌ری، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کابنیه‌ی نۆیه‌م شه‌فافانه مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر پرسه‌کان کردووه."
به‌شێکی زۆری چاودێران پێیان وایه ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردی تواندنه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌کی نێوان په‌رله‌مان و حکوومه‌ت بوو که به‌شێک له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی دروستیان کردبوو بۆ خه‌ڵک، له‌باره‌ی گرنگیی کۆبوونه‌وه‌که‌وه، ڕزگار محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”هاتنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ستافه‌كه‌ی له‌م كاته‌دا بۆ په‌رله‌مان گرنگ بوو، چونكه ئه‌و سێ لایه‌نه‌ی پێكهێنه‌ری حكوومه‌تن كه نوێنه‌رایه‌تییان هێناوه‌ته په‌رله‌مان، ئه‌و پرسیارانه‌مان ئاراسته کرد و وه‌ڵامیان دایه‌وه، وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت باش بوو، بۆ نموونە ناشه‌فافی له پرسی نه‌وت و خاڵه سنوورییه‌كان، ئێمه پرسیارمان کرد و ئه‌وان ڕوونیان كرده‌وه کە له هه‌وڵدان بۆ چاكکردنی".
ڕوونیشی كردەوە: "ئه‌وه‌ی ئێمە گوێمان لێ بوو، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به ڕوونی باسی قاچاخچێتیی كرد له خاڵه سنوورییه‌كان، هاوكات باسی دوو ئیدارەیی كرد كە ئه‌مه‌ش گرنگ بوو، هەروەها باسکردنی قۆناغەکانی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا و خستنە ڕووی وردەکارییەکەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بۆ ئێمە گرنگ بوو".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختی كردەوە: "ئه‌وه‌ی گرنگ بوو بۆ ئێمه، چەندین بابەتی جۆراوجۆر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، له‌وانه‌ش ناشه‌فافی لە خاڵه گومرگییه‌كان، سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر به باشی تیشكی خسته سه‌ر ئەو بابەتانەی کە پرسیارمان له‌سه‌ری هه‌بوو و وه‌ڵامی دایه‌وه و باسی لە بەردەوامبوونیان لە هەوڵەكانیان بۆ باشتركردن كرد و گوتی، له ماوه‌ی ساڵێك و نیودا حكوومه‌ت كاری باشی كردووە و له هه‌وڵدان، ئێمه‌ش پێمان وایه ده‌بێت به هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین دوو ئیداره‌یی نه‌هێڵدرێت، بازگه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه و به میكانیزمێکی باش خاڵه سنوورییه‌كان باشتر بكه‌ین و ڕێگە له قاچاخچییه‌كان بگرین".
ڕزگار محەمەد گوتی: "كۆبوونەوەكەی پەرلەمان و حكوومەت ١٠ کاتژمێری خایاند، هەردوولا قسه‌یان كرد. كه كۆبوونەوەكەش ته‌واو بوو، سه‌رۆكی حكوومه‌ت داوای كرد هه‌ماهه‌نگیی باشتر هه‌بێت له نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و تێگه‌یشتنی باش هه‌بوو، زۆر به باشی زۆرینەی پەرلەمانتارەکان پرسیاریان كرد كە سەدان پرسیار بوون، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و وەڵامەکانی لە جێی خۆیدا بوون".
له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پرسیاری سەرۆك فراكسیۆنەكاندا ڕایگەیاند: ”حەز دەكەم بزانن كە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەمووان پەرۆشی ئەوەین دۆخی خەڵكی كوردستان باشتر بێت و بژێویی خەڵك باشتر بێت، چونكە حەز دەكەین خەڵك لێمان ڕازی بێت. بەڵام ئەوەی نەمان كردبێت هۆكار هەبووە كە نەمان كردووە“.
لەبارەی مەترسییەكان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: ”گەورەترین مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە خۆمان وەكوو هاووڵاتییانی كوردستان تەبا نەبین و بانگەوازی ئەوە بكەین كە قەوارەی هەرێمی كوردستان پێویستە بە شێوەیەكی تر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. لە كاتێكدا قەوارەیەكی دەستوورییە و ئەركی هەمووانە و ئێوەش وەك نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لەسەرتانە پارێزگاریی لێ بكەن“.
جەختیشی كردەوە: ”ئەگەر سەیری هەموو عێراق بكەین، نموونەی كوردستان بە هەموو كێشەكانییەوە سەركەوتووترین نموونەیە لە هەموو عێراقدا، لە ڕووەكانی ''ئیدارەدان، بژێویی ژیان، پاكوخاوێنی، دیموكراسی، ئاسایش و هەموو ڕووەكانی دیكە''. بەڵام بابەتی هەرەسهێنانی ئابووری، هەموو جیهانی گرتووەتەوە و تەنیا ئێمە نین. گرنگە یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین و لەلایەن هەموو بۆچوونە جیاوازەكانەوە هەوڵی پاراستنی ئەم قەوارەیە بدەین“.
لە بارەی ئەو بانگەشانەی دەكرێن گوایە حكوومەت چاكسازی لە كەمكردنەوەی مووچە كورت كردووەتەوە، مەسروور بارزانی گوتی: ”چاكسازی بڕینی مووچە و دەستكاریكردنی مووچە و خۆگونجاندن لەگەڵ مووچە نەبووە. چاكسازی لە مووچەی فەرمانبەری ڕاستەقینە ناكرێت و ئەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینەیە دەبێ لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت، ئەوەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرێت چاكسازی لەو دەكرێت. بابەتی چاكسازی بە هیچ شێوەیەك لە مووچەی فەرمانبەران ناكرێت. ئێمە بە چڕی كار لەسەر بابەتی مووچە و خەڵكی بندیوار و ئەوانە دەكەین. هەموو شتێك بەو شێوەیە نییە كە لە ڕاپۆرتەكاندا باس دەكرێت، ئێمە كە چووینەتە ناو كارەكان بینیومانە كە بە حەقیقەت ئەوە نەبووە، بەڵام كاریان لەسەر دەكەین“.
باسیشی لە خاڵە سنوورییەكان كرد و جەختی كردەوە: ”كار لەسەر خاڵە سنوورییەكان كراوە، بەڵام دەسەڵاتی حكوومەت لە ڕابردوودا لەسەر خاڵە سنوورییەكان لاواز بووە. لێژنەیەكمان داناوە دیراسەی ئەوە بكەن كە كام خزمەتگوزاری لە خاڵە سنوورییەكان پێویستە. پۆڵێنیان دەكەین، ئەوەی حكوومەت خۆی دەتوانێت بیكات، خۆی دەیكات، ئەوەی تر ڕێك دەخرێت بە هاوكاریی كەرتی تایبەت“. گوتیشی: ”دیاردەی قاچاخچێتی تەنیا لە خاڵە سنوورییەكاندا ناكرێت، ئێمە بەرنامەمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە كە چۆن ئەم قاچاخچێتییە كەم بكرێتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە حكوومەتە خۆجێییەكان زۆر یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بن“.
لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەیدا مەسروور بارزانی تیشكی خستە سەر بانگەشەی هەندێك كەس گوایە ٢٠ هەزار كەس لە كابینەی نۆیەمدا دامەزرێندراون و ڕایگەیاند: ”ئێمە لەم كابینەیە كەسمان دانەمەزراندووە، هەندێك كەسی پسپۆڕی شارەزا نەبێت. ئەگەر زانیارییەك هەیە بیدەن بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران تا بزانین لە كوێ ٢٠ هەزار كەس دامەزراوە“.
لەبارەی بانگەشەی ئەوانەیشی دەڵێن ٦٠ ڕۆژ جارێك نیومووچە دەدرێت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ”ئەمە ڕاست نییە. لە ماوەی چواردە مانگی تەمەنی حكوومەتدا ١٢ مووچە دراوە، ئەگەر بەپێی بڕیاری حكوومەتی عێراق بوایە دەبووایە سێ مووچە هەر نەدەین، چونكە سێ مووچەیان بۆ ئێمە نەناردووە. ئێمە تووشی ئەو هەموو قەیرانە بووین، دەبوایە یارمەتیمان بدەن. ئێمە ڤایرۆسی كۆرۆنامان نەهێناوە و نرخی نەوتمان دانەبەزاندووە. زۆر وڵاتی زلهێزیش ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە. واز لە موزایەدات بێنن و لەگەڵ واقیع مامەڵە بكەن."
ڕاپۆرتی شیکاری: کارزانی سه‌باح هه‌ورامی




