٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌سروور بارزانی: كاری له‌ پێشینه‌مان هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاته‌‌ و ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی ده‌كه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2020/10/6 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بەشداربوو، دۆخی عێراق و ناوچە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا، کۆنفرانسێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە ساز بکرێت. گوتیشی دەرفەتی زۆر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە کارە لە پیشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرووبوومی ناوخۆیی و پێشکەشکردنی ئاسانکارییە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵی کردەوە، کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار