گەلی كورد گەورەترین قوربانیی شوێنبزركردنی زۆرەملێ بووە

هەولێر-KDP.info- لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی خولی (١٩)ی لیژنەی تایبەت بە رێككەوتننامەی پاراستنی هەموو كەسەكان لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، گەلی كورد گەورەترین قوربانیی شوێنبزركردنی زۆرەملێ بووە.
لە چوارچێوەی شاندی كۆماری عێراق، شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشداریی كرد لە كۆبوونەوەكانی خولی (١٩)ی لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە رێككەوتننامەی پاراستنی هەموو كەسەكان لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، كە لە بارەگای یۆنامی لە بەغدا لە رۆژی ٥ی تشرینی یەكەم بە شێوەی ڤیدیۆ كۆنفڕانس بەڕێوە چوو.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی هەرێم، سەبارەت بە بەشداریكردنیان لەم كۆبوونەوانەدا گوتی، بڕیار وابوو كۆبوونەوەكە لە سەرەتای مانگی نیسان لە جنێڤ ئەنجام درابا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دواخرا بۆ سەرەتای مانگی ئوكتۆبەر و شوێنەكەشی گواسترایەوە بۆ بەغدا، لە میانەی كۆبوونەوەكان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە جیا پێشكەش كرا و ئەوەمان دووپات كردووە، كە كوردستان بە گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانییەوە گەورەترین قوربانیی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ بووە، ئەمەش خۆی بێسەروشوێنكردنی كوردە فەیلییەكان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠ و ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی و ١٨٢٠٠٠ كەس لە بادینان و گەرمیان، هەروەها لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بێسەروشوێن كران، كە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم هەروەها دەشڵێ، لە بەشێكی دیكەی وتارەكە تیشكمان خستە سەر هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری یارمەتیدانی قوربانیانی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لە سەردەمی بەعس وەك تەرخان كردنی موچە بۆ كەسوكاریان، پێدانی زەوی، سوودمەندبوون لە منحەی خوێندن و چەند بوارێكی دیكە، سەبارەت بە بێسەروشوێنبووانی داعش لێژنەیەك دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەت تەرخان كراوە بۆ رزگاركردنیان و تا رۆژی ٢/٩/٢٠٢٠ توانراوە (٣٥٣٧) كەسیان ئازاد بكرێن لەوانە (١٢٠١) ئافرەت (٣٣٩) پیاو و (١٠٤٣) منداڵی كچ و (٩٥٤) منداڵی كوڕ و تا ئێستا (٢٨٨٠) یان بێسەورشوێنن و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمیش بەردەوامن بۆ ئازادكردنیان.
زێباری، هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە لیژنەیەك دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەكانی داعش، هەروەها دەستەیەك دانراوە بە ناوی (لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری و چارەسەركردن) بە مەبەستی بە دیكیۆمینت كردنی تاوانەكانی داعش و لەم رووە هەنگاوی زۆر نراوە بۆ تۆمار كردنی ئەو تاوانانە بەتایبەتی ئەوانەی دژی ئافرەتان ئەنجام دراون، هەرلەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەت نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەركردن.
سەبارەت بە رفاندنی كریستیانەكانیش، زێباری گوتی، لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش نزیكەی (٢٠٠) دوو سەد هەزار كریستیان ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها ژمارەیەكی زۆریشیان رفێندراون لەوانە (٢٥٠) كەس كەیسەكانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاكو رێكەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دۆكیومێنت كراوە كە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەوانە (١٧٤)یان رزگار كراون، بەڵام تا ئێستا (٧٦)یان رزگار نەكراون، لەوانەی كە رزگار نەكراون، ژمارەیەكیان ئافرەتن.
گوتیشی، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەر كەمپێك یەكەیەكی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستیی دایكایەتی و منداڵبوون، نووسینگەی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی هەیە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی توندوتیژی و زیاتر لە (١٢٣٢٥٧) پشكنین بۆ ئافرەتی دووگیان پشكنینی جۆراوجۆریان بۆ كراوە، لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لەدایكبوو و لە كەمپی حەسەن شام خانەیەكی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایك و باوك دامەزراوە بۆ چاودێریكردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایك و باوكیان لە دەست داوە و چەندین هەڵمەتی كوتانی دایكان و منداڵان ئەنجام دراوە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەت و نەوجەوانانی دەستگیركراو بە تۆمەتی تیرۆر و رایگەیاند، ئەو ئافرەت و نەوجەوانانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەكرێن، رەوانەی چاكسازییەكان دەكرێن و لە بنكەكانی دەستگیركردن ناهێڵرێنەوە، لە ماوەی نێوان١/٧/٢٠١٧ تاكو ١٤/٢/٢٠١٨ ئەوانەی كە دەستگیر كراون ژمارەیان (١٩٤) كەس بووە كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە، سەبارەت بە ئافرەتانیش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ زیاتر لە (٢٦٠)یان دەستگیركراون، دوای وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی (٤١)یان ئازاد كراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ لە چاكسازییەكانی هەرێم (٢٩) نەوجەوان و (٢٣) ئافرەت بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون، لەبەر ئەوەی داعش بەشێك لەو منداڵانەی بۆ كردەوە خۆكوژییەكان بەكارهێنا، بۆیە وەك قوربانیانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ نەك تیرۆریست و، هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانی كەسوكاریان و بەكارهێنانی مۆبایل، هەروەها بەرنامەیەكیش دانراوە بۆ بەردەوامبوونیان لە خوێندن.
لە وتەكەیدا دیندار زێباری ئاماژەی بە زیندانی نهێنی لە هەرێم و رادەستكردنەوەی دەستگیركراوان بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی و گوتی، لە هەرێمی كوردستان سێ جۆر زیندانی هەیە ئەوانیش: بنكەكانی راگرتن و گواستنەوە، چاكسازی گەوران و چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانان و هیچ زیندانییەكی نهێنی لە هەرێم بوونی نییە، هەروەها دەرگای زیندانەكان كراوەیە بۆ ئەو لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی كە دەیانەوێ سەردانی بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی راگیراو و سزادراون بن بەپێی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەم رووەوە چەندین رێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی مافەكانی مرۆڤ سەردانی زیندانەكانیان كردووە.
لەلایەكی دیكەوە لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتیی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی هەرێم پێكهاتووە بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە رادەستكردنەوەی دەستگیركراوان و لەم رووەوە تا ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە (١٤٠٠) دەستگیركراوی ناوچەكانی مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالا و حەویجە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠یش ژمارەیەكیان رادەست كراون.
سەبارەت بە ژمارەی دەستگیركراوان، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی دا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ زیاتر لە (٢٦٥٢) كەس دەستگیر كران، لەوانە (١١٠٠) كەسیان تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا ساغ بۆوە و سزاكانیشیان لە نێوان زیندانی كردن بۆ ماوەی سێ سال و تاهەتایە بوو، هەروەها (٨٧٠) كەس ئازاد كران، لە شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٧ نزیكەی (٧٩٠) كەس دەستگیر كران، كە بەشێكیان خۆیان رادەست كردووە لەوانە (٢٧٩) ئازاد كران لەبەر نەبوونی بەڵگە و (٢٧)یان سزای جیاجیان بۆ دەرچووە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر لە دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێمن (٤٦١) كەس بووە (٣٣٥) عێراقی و (١٨) بیانی، (٣٩٨) لەوانە دادگایی كراون سزایان بۆ دەرچووە و (٤٨) گومان لێكراویش ئازاد كراون لەبەر نەبوونی بەڵگە.
لە كۆتایی وتەكەیدا، دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر بابەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و یاسا بەركارەكان لەم رووەوە و گوتی: لە هەرێمی كوردستان دوو جۆر گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە، بەشێكیان بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە و لەوانە روفاتی (٢٦٧٢) كەسیان لە كۆی (٣٠٠) گۆڕی بەكۆمەڵ گەڕێندراونەتەوە هەرێم، بەشی دووەم ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعشن كە تا ئێستا (٨٣) گۆڕیان دۆزراونەتەوە و پرۆسەی هەڵدانەوەی بە ئامادەبوونی لیژنەی هەماهەنگیكاری سەر بە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان و تیمی نەتەوەیەكگرتووەكانی تایبەت بە لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش، ئەنجام دەدرێت.




