حکوومەتی عێراق ئەمساڵ لە کۆی ١٠ مانگ تەنیا دوو جار بەشەخۆراکی دابەش کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق ئەمساڵ لە کۆی ١٠ مانگ تەنیا دوو جار بە تەواوەتی بەشەخۆراکی مانگانەی دابەش کردووە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی نرخی ھەندێک کەلوپەلی خۆراک گران بێت، بە تایبەت زەیت.
نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھۆکاری گرانبوونی بەشێک لە خۆراکەکان کە مانگانە دابەش دەکران، ئەوەیە کە ماوەی ١٠ مانگە تەنیا دوو جار بەشەخۆراک بە تەواوی دابەش کراوە و ھەشت مانگ نەدراوە، بۆیە ئەمەش وای کردووە ھەندێک نرخی ئەو ماددە خۆراکیانە گران بێت، بەڵام ئەگەر دابەش بکرێت، نرخەکەی وەکو پێشوو لێ دێتەوە.
شێخ کامل گوتیشی، حکوومەتی عێراق ئەمساڵ بودجەی نەبوو، بۆیە پارەیان بۆ خەرج نەکرا و لە ئێستادا شەکر ھاتووە و بڕیارە بەم زووانە دابەش بکرێت.
لای خۆشیەوە، خاوەن فرۆشگایەکی کەلوپەلی خۆراک بە ناوی زیاد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پێشتر نرخی کەلوپەلی خۆراک بەو شێوەیە گران نەبوو، بەڵام بە ھۆی نەبوونی بەشەخۆراکی مانگانە، گران بووە و ئێستاش هەر ماددەیەک بە تایبەت زەیت، نرخی ھەر کارتۆنێک نزیکەی چوار ھەزاری چووەتە سەر.
بڵند ئیبراھیم




