ڕاپۆرتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان (2/2)

تەوەری سێیەم ( 3)
دۆخی تەندروستی و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا:
ئاشکرایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەر لە ڕۆژانی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی کرد . تەنانەت ئەزموونی سەرکەوتووی حکومەتی هەرێم، لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕینماییە تەندروستییەکان، بووە مایەی ستایشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و زۆر ڕیکخراو لایەنی دیکە .بەڵام بەداخێکی زۆرەوە خەڵکانێک، لە جیاتی هاوکاریکردن وپشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، هەوڵی ناشرینکردنی هەنگاو و پلانەکانی حکومەتیان دا‌و بابەتەکەیان بە سیاسی کرد و سەرەنجام، بەداخەوە بە هۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان ، ئەمڕۆ کۆرۆنا ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە و بووەتە هەڕەشەیەکی بەرچاو لە سەر تەندروستی گشتی و چەندین کەس بەداخەوە گیانیان لە دەستداوە. لێرەدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکارەکانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەش بۆ تووشبووان دەخوازم.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پیادەکردنی پلانێکی تایبەت و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە . لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین کە حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گرتوویەتیە بەر:
1- خەرجکردنی نزیکەی بیست و هەشت ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە بوارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگابوونەوە و زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ.
2- (159) ئامێرێ هەناسەی دەستکردی تایبەت بە پێشکەشکردنى خزمەتی پزیشکی بۆ نەخۆشییەکانی کۆرۆنا ئێستا لەکارکردندان و (72) لە پلاندانانن بۆ ئەم مەبەستە و، زیاتر لە (85) ڤێنتەلەیتەری نوێ و مۆدێرن کڕدراون.
3- چالاککردنی سیستەمی هێلی گەرمی (122) و ئامادەکردنی (186) تیمی وەڵامدانەوەی خێرا.
4- ( 40 ) شوێن لە نەخۆشخانەکان جیاکراونەتەوە و ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی کەیسی نوێی کۆرۆنا . هەروەها دابینکردنی ئامرازەکانی خۆپارێزی (PPE) بۆ ستافی نەخۆشخانەکان .
5- ئەنجامدانی زیاتر لە (5) هەزار تێستی ڕۆژانە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی کۆڕۆنا کە تا ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن تێست ئەنجام دراون و 28 تاقیگەی گشتی و تایبەت پشکنین ئەنجام دەدەن. .
6- زیاتر لە (3400) بوتڵی پلازما وەرگیراوە بۆ پێدان بە تووشبووانی کۆڕۆنا کە لە نێوان پارێزگاکان ئالوگۆڕکراوە. هەر بوتڵێکی پلازماش بڕی زیاتر لە (400) هەزار دینار خەرجی پێویستە.
7- ڕاگەیاندنی کەمپەینێکی سەرتاسەری سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو پەیام و رێنماییە تەندروستییانەی، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسندکراون.
-----
جیا لەو پلانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دانراوە و جێبەجێ کراوە.ئەم هەنگاوانەش بۆ پێشخستن و باشترکردنی کەرتی تەندروستی ئەنجام دراون:
1- دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی سەد قەرەوێلەیی لە کۆمەڵگەی ( هیتوتێ) لە قەزای ئامێدی بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار.
2- بڕی 23 ملیار دینار بۆ دابینکردن و سازدانەوەی ئامێرەکانی پزیشکی خەرجکراوە.
3- زیاتر لە 40 ملیار دینار بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی شێرپەنجە و دابینکردن و سازدانەوەی ئامێرەکانی شێرپەنجە خەرجکراوە بە پاڵپشتی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.
3- کەمکردنەوەی کرێی نەخۆش بە ڕێژەی 25٪ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەرشانی هاووڵاتییان لەم بارودۆخە نالەبارەدا.
4- هەموارکردنی ڕێنمایی پێدان و نوێکردنەوەی کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و ئامێری پزیشکی و ڕاگرتنی چالاکی گشت ئەو کۆمپانیایانەی، کە پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان کە ژمارەیان (33) کۆمپانیایە. هەروەها هەموارکردنی ڕێنماییەکانی پێدان و نوێکردنەوەی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی کەرتی تایبەت و هەموارکردنی ڕێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی خۆراك بە ڕێگای زانستی.
5- ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای مافی نەخۆش بۆ خزمەتکردنی زیاتری نەخۆش و پاراستنی ماف و تایبەتییەکانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان.
--------------
بەردەوامبوونی پڕۆژە خزمەتگوزاریی وستراتیجییەکان :
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ، سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕوومان بووەتەوە ، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پێشکەشکردن پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ بە هێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستاندا.
لێرەدا بە گرنگیی دەزانم هەر تەنیا بۆ نموونە ئاماژە بە هەندێک لەو پڕۆژانە بکەم:
یەکەم: کارکردن بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری :
لە چوارچێوەی کارکردنمان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەک ، حکومەتی هەرێم کاری کردووە بۆ گرنگیدان بە سەرجەم کەرتەکان بەتایبەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی . بۆ ئەم مەبەستە و لە ماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونماندا، دەست بە جێبەجێ کردنی ئەم پلان و پڕۆژانە کراوە:
1- دەستکردن بە دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی خۆراک لە شارەکانی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت لەوانە: ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە دهۆک کە سەدان کارگە و کۆگای خۆراکی لە سەر دروست دەکرێت بە گوژمەی 70 ملیار دینار.
2- کارکردن لە سەر دروستکردنی یازدە ناوچەی پیشەسازی خۆراکی هاوشێوە لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان . بەم نزیکانە لە هەڵەبجە بەردی بناغەی دادەنرێت.
3- کارکردن بۆ دروستکردنی 5 سایلۆ لە شارەکانی دهۆک، هەڵەبجە ، زاخۆ ، کفری و هەریر. هەر سایلۆیەک خەرجیەکەی نزیکە 20 ملیار دینارە.
دووەم: لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی :
1- تەرخانكردنی نزیكەی 33 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی ( 12) پڕۆژەی بەنداو لە هەرێم.
2- قەدەغەكردن و دانانی باجی پێویست لەسەر بەرهەمی هاوردە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئەو بەروبوومانەی كە خواستی بازاڕەکان پڕدەكەنەوە.
3-پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم لە هەرێمی كوردستان بە دروستكردنی سێ كارگەی گەورە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك کە بڕی پێنجسەد هەزار تۆن گەنم لە ساڵێكدا وەردەگرنەوە بۆ دروستكردنی ئاردی سپی و هەموو ئەو خۆراكانەی لە گەنم بەرهەمدەهێنرێن.
4- دانانی باج لەسەر هێلكەی هەڵهێنەر ، بەم هۆیەوە 13 پڕۆژەی ستراتیجی ناوخۆیی دەست بەكار بوونەتەوە و سەدان هەلی كار رەخسێنراوە.
5- دروستكردنی بۆردی باڵای پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی کوردستان .
دەیان پڕۆژەی تر لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ ئەنجامدران کە دواتر لە ڕاپۆرتی گشتیدا دەخرێنەڕوو.
سێیەم: لە بواری کارەبا:
لە بواری زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبادا لە ڕێگەی چارەسەرکردنى کێشەى یەکەکانى کارەبا و زیادکردنى بڕى گازى سروشتى و بەگەڕخستنى وێستگەى هەڵمی خەبات کە بووە هۆی ئەوەی 843 مێگاواتى کارەبا زیاد بکرێت لە ناو تۆڕەکانى هەرێم و سەرەنجام بۆ یەکەمین جار ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا گەیشتە (3،700 مێگاوات).ئەمە جیا لەوەی کە 260 مێگاوات بە پارێزگای موسڵ و 56 مێگاواتیش بە کەرکووک دراوە . تێکڕای پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 20- 21 کاتژمێرە سەرەڕای کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی کارەبا و دابەشکردنی پێوەری زیرەک بۆ دابەشکردنی کارەبا.
لە ڕووی هەموارکردنی گرێبەستەکانی کارەبا:
1- نرخی كڕینی یەك مێگاوات/كاتژمێر لە كۆمباین سایكل، بە پێی گرێبەست 63 دۆلار بوو کەمکراوەتەوە بۆ 45 دولار.
2- قەرەبووی وەبەرهێنەران بە پێی گرێبەست (یەك مێگاوات/كاتژمێر) بە 32 دولار بوو کەمکراوەتەوە بۆ 16 دولار.
3- گۆڕینی جۆری سووتەمەنی وێستگەكان لە دیزل بۆ نەوتی ڕەش، بەم هەنگاوەش تێچوی یەكەی كارەبا لە 22 سنتەوە بووەتە 7.2 سەنت.
لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەو هەموار و ڕێکخستنەوانە لە کەرتی کارەبا ، پارەیەکی زۆرمان بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە کە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیون دولارە.
چوارەم:لە بواری ڕێگاوباندا:
1- دانانی بەردی بناغە و دەستکردن بە پڕۆژەی ستراتیجی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی کە درێژیەکەی 146 کیلۆمەترە بە تێچووی چوارسەد ملیار دینار . ئەم پڕۆژە گرنگە قەرەباڵغییەکی زۆر لە سەر شاری سلێمانی کەم دەکاتەوە .
2- کارکردن لە شەقامی 150 مەتری هەولێر . ئەو بەشەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییدایە. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە گرنگە ، قەڵەباڵغی و جەنجاڵییەکی زۆر لە سەر شاری هەولێر کەم دەکاتەوە .
3-ڕێگای جووتسایدی هەولێر - دهۆک (گۆپاڵ) کە درێژییەکەی ( 60 ) کیلۆمەتر دەبێت و لە قۆناغی کۆتاییدایە .
4-دروستکردنی ڕێگای کەلار-سلێمانی کە ڕێژەی 36 % جێبەجێکراوە.
5- یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانەی کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا ئەنجامدراوە ، جێبەجێکردنی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی هەمو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بووە هەر لە زاخۆوە تا گەرمیان بە بودجەی 43 ملیار دینار کە 79 پڕۆژە بوون و بە ماوەیەکی پێوانەیی لە ماوەی 70 ڕۆژدا تەواو کران. ئەمە جگە لە تەواو کردنی 22 پڕۆژەی تری ڕێگاوبان بە بڕی زیاتر لە سەد و دە ملیار دینار کە دواتر وردەکارییەکانی لە ڕاپۆرتێکدا دەخرێتەڕوو.
تەوەری چوارەم ( 4)
پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ بەغدا:
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە ، كارمان کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش و بنیاتنەرانەمان لە گەڵ حکومەتی فیدرالی لە بەغدا هەبێت کە یەکێکە لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر لەم ڕوانگەیەوە، یەکەمین سەردانی فەرمیمان دوای دەستبەکاربوون بۆ بەغدا بوو، کە مەبەستمان نیشاندانی نیازپاکی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لە سەر بنەمای دەستوور.
تا ئێستا گفتوگۆکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بەردەوامە لە سەر ئەم دۆسییانە :
یەکەم : دۆسییە ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ی هه‌رێم:
کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێم له یه‌که‌م کۆبوونه‌وی له‌گه‌ڵ شاندی حکومه‌تی فیدراڵی له ڕێکەوتی 2019/7/25 له دوای (15) ڕۆژ له ده‌ستبه‌کاربوونی، ده‌ستی کردووه به دانوستان له سه‌ر کێشه‌ی ئه‌م ناوچانه و پڕۆژه و تێڕوانین و پێشنیاری پێویستیشی، بۆ چارەسەر پێشکه‌شی حکومه‌تی فیدراڵ کردووه . دوای چەند ڕۆژێکیش له ده‌ستبه‌کاربوونی حکومه‌تی هه‌رێمیش ، له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له 2019/7/30 به بڕیاری ژماره ( 7 ) لیژنه‌ی باڵای دانوستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێکهات، کە پڕۆژه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمیش پڕۆژه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه و له‌سه‌ر دوو ئاست کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسییەیە دەکات ، ئاستی یه‌که‌م بریتییە لە ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخی سەربازی و ئیداری و ئه‌منی و سیاسی و ڕێگه‌گرتن له پڕۆسه‌ی ته‌عریبکردنی ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، کە بەداخەوە تا ئێستاش بە چڕی بەردەوامە . حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژانە له‌سه‌ر کۆی ئه‌و ڕه‌فتارانەی دژی هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه ده‌کرێت، له له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی ئیتیحادی، لە په‌یوه‌ندیدایه به مه‌به‌ستی ڕێگرتن له سیاسه‌تی ته‌عریب.
بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گۆڕینی باری دیموگرافی ئه‌م ناوچانه، له سه‌ردانه‌کانی شاندی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراق کوبوونەتەوەو، ڕوانگەی حکومەتی هەرێمیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێ ڕاگەیاندوون. بڕیاره له ماوه‌ی داهاتوودا لیژنه‌ی باڵای دانوستان تایبه‌ت به‌م دۆسێیە، سه‌ردانی به‌غدا بکاتەوە . ئاستی دووه‌می چارەسەرکردنی ئەم دۆسییەیە، بریتیە لە جێبه‌جێکردنی مادده‌ی (140) ی ده‌ستوور و له کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 2019/7/25 شاندی حکومه‌تی ئیتیحادی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم که له هه‌ولێر ئه‌نجام درا ، پڕۆژه و تێڕوانینی حکومه‌تی هه‌رێم، سه‌باره‌ت به جێبه‌جێکردنی مادده‌ی (140) پێشکه‌ش به حکومه‌تی ئیتیحادی کراوه . گرنگتـرین بڕگه‌کانی پڕۆژه‌که‌ش بریتییە له دروستکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێکردنی مادده‌ی(140) و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کانی ئاساییکردنه‌وه و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتووان. به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌تی فیدرالی ، وه‌ڵامی فه‌رمی و ئەرێنی، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی لە سەر ئەم بابەتە نه‌داوه‌تەوە.
ئه‌وه‌ی زۆر جێگەی نیگەرانیی قووڵی ئێمەیە ، بەردەوام بوونی سیاسەتی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە . کە ئێمە بە وردی چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین، کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە بەردەوامە و ئەمەش دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵکی ئەو ناوچانە. ئەم سیاسەتە لە کاتێکدا پیادە دەکرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەکردنی ئەم دۆسیەیە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان، دیاریکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سیاسەتی تەعریب قبوڵ ناکات و ڕەتی دەکاتەوە . بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، یان داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی، لەژێر سایە و بە پشتیوانیی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو.
داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر و ڕێگری بکات لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە و ڕێگە نەدات هێزە چەکدارەکان بۆ زوڵمکردن لە خەڵکی ئەو ناوچانە بەکاربهێنرێت . چونکە ئەم جۆرە سیاسەتانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە و نەتەوەکانی ئەو ناوچانە دەکات .
دووەم :دۆسییەی دارایی :
به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی بودجه و شایسته داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم ، هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشانه به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی ، کابینەی نۆیەمی حکومه‌تی هه‌رێم له 2019/7/25 یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ ئه‌نجامدا و هه‌ردوولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکرنی کێشه‌کان، ئەوە بوو دوای چەندین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، له 2019/12/1 شاندی حکومه‌تی هه‌رێم گه‌یشته رێکه‌وتنێکی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدراڵی و به پێی رێکه‌وتنه‌که ، حکومه‌تی هه‌رێم، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ڕاده‌ستکردنی بڕی (250)هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی ڕۆژانه به‌حکومه‌تی فیدڕاڵ ، له به‌رامبه‌ردا حکومه‌تی فیدڕاڵی شایسته داراییه‌کانی هه‌رێم دابین بکات که مانگانە بە (900) ملیۆن دۆلار دیاری‌کرا بوو. دواتر ئه‌م ڕێکه‌وتنه خرایه چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 وه ، به‌ڵام بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسی عێراق و دەستپێکردنی خۆپیشاندانه‌کان و به بیانووی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز عادل عبد المهدی، ئه‌گه‌رچی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ده‌نگیش له‌سه‌ر پڕۆژه‌که درابوو ، به‌ڵام پڕۆژه یاساکه، نه ناردرا بۆ په‌رله‌مان . بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنە لەوکاتەوە تا ئێستا جێبه‌جێ بکرایە، هه‌رێم تووشی ئه‌م قه‌یرانه داراییەی ئێستا نه‌ده‌بوو. بۆیە ئەوەی پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد، حکومەتی فیدرال بوو نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەداخەوە له ڕێکەوتی 2020/4/16 به بیانووی ده‌رنه‌چوونی یاسای بودجه ، حکومه‌تی فیدڕاڵ به‌شه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی بڕی که بڕه‌که‌ی (453) ملیار دینار بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، حکومه‌تی هه‌رێم، شاندێکی ناردە به‌غدا بەڵام تاده‌ست به‌کاربوونی حکومه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز مستەفا کازمی، ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌کرا . ته‌نیا بۆ یه‌ک مانگیش بڕی (400) ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم کرا . دوای دەستپێکردنەوەی دانوستان به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی. دوای چه‌ندین سه‌ردانیش بۆ بەغدا و گۆڕینه‌وه‌ی (12) نامه و پێشنیار، له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ گەیشتینە ڕێککەوتنێک ، هەرچەندە ئه‌و شایسته داراییانەی ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌کرێت، زۆر که‌متره له شایسته یاساییەکانی هه‌رێم.
ئێستا که یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 پەسەند نەکراوە و حکومه‌تی فیدراڵ کار به‌یاسای ئیداره‌ی دارایی ژماره(6)ی ساڵی 2019 ده‌کات . له چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌شدا ، ئێمه ڕازیبووین که‌داهاتی غه‌یره نه‌وتی به پێی ئه‌م یاسایه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت. هەروەها لاریمان نه‌بوو له ئیداره‌دانی ده‌روازه سنوورییه‌کان بەهاوبەشی به‌پێی مادده‌ی (114) بڕگه‌ی (یه‌که‌م )له ده‌ستوور و به ئه‌لیکترۆنیکرنی ده‌روازه سنوورییه‌کان و به‌ستنه‌وه‌یان به ده‌روازه سنوورییەکانی دیکەی حکومه‌تی فیدڕاڵی.
حکومه‌تی هه‌رێم لاری نییە له‌سه‌ر وردبینی کردنی داهات و خه‌رجییەکان و ئه‌و قه‌رزانەی له ئه‌ستۆی حکومه‌تی فیدراڵه ، یان ئه‌وه بڕه پارانه‌ی حکومه‌تی فیدڕاڵی بانگەشەی ده‌کات که‌له ئه‌ستۆی حکومه‌تی هه‌رێمه، له لایەن دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان به هه‌مه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی ، به‌پێی یاسای ئیداره‌ی داراییی فیدڕاڵی ژماره (6)ی ساڵی 2019.
له پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق ، خه‌رجییه‌کان بە زیاتر لە سەدو چل و هەشت تریلیۆن دینار (148،606،809،164) خه‌مڵێنراوه به‌ڵام داهاته‌که‌ی بە شەست و حەوت تریلیۆن دینار خەملێنراوە (67425220454) به‌مه‌ش بودجه‌ی فیدڕاڵی زیاتر لە (60%) کورتهێنانی هه‌یه و ئه‌م کورتهێنانەش بەداخەوە به‌شی هه‌رێم که‌م ده‌کاته‌وه.
سێیەم : دۆسییەی نه‌وت:
سه‌باره‌ت به دۆسییه‌ی نه‌وت ، به‌هۆکاری ده‌رنه‌چوونی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 ، حکومه‌تی فیدڕاڵی داوای ڕاده‌ستکردنی نه‌وتی نه‌کردووه، به‌ڵکو باسی داهاتی نەوت دەکات و حکومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌شدا پابه‌ندی خۆی نیشانداوه به ڕاده‌ستکردنی داهاتی نه‌وت، بەمەرجێک له به‌رامبه‌ردا حکومه‌تی فیدڕاڵ شایسته داراییه‌کانی هه‌رێم دابین بکات.
هه‌روه‌ها حکومه‌تی هه‌رێم ، رازیبووه له‌سه‌ر ڕاده‌ستکردنی (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به حکومه‌تی فیدڕاڵی، تاکو له ڕێگای سۆمۆ بفرۆشرێت ، ئه‌مه‌ش له‌پڕۆژه یاسایی بودجه 2020 ئاماژه‌ی پێکراوه. ئێستا که ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌ی بودجه ئاماده کراوه تێبینیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان‌مان داوه‌ته حکومه‌تی فیدڕاڵ ، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی هه‌ندێک بڕگه و مادده‌ی پرۆژه‌ی بودجه.
سه‌باره‌ت به‌پابه‌ندبوون به بڕیاره‌کانی ڕێکخراوی ئۆپێک OPEC+ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ندبوونی خۆی ڕاگه‌یاندوه به که‌مکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت ، به‌ڵام به‌پێوه‌رێکی دادپه‌روه‌رانه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌فدی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له ڕێککەوتی 2020/4/18 له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ گه‌یشتوونه‌ته رێکه‌وتنێک که پابه‌ندبوونی حکومه‌تی هه‌رێم نیشان ده‌دات به مه‌رجێک ڕێژه‌ی که‌مکردنه‌وه‌که دادپه‌روه‌رانە بێت و زیان به بارودۆخی دارایی و ئابووری هه‌رێمی کوردستان نه‌گه‌یه‌نێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسراوی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی حکومه‌تی فیدڕاڵ کردووه.
سه‌باره‌ت به‌دابینکردنی پێداویستیه ناوخۆییه‌کانی نه‌وتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم پێویستی به (260) ملیۆن لیتره ، به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌تی فیدڕاڵ، ئه‌گه‌رچی پێشتر ره‌زامه‌ندی مه‌بده‌ئی له‌سه‌ر(100) ملیۆن لیتر ده‌ربڕیبوو ، به‌ڵام تائێستا تەنیا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر (50) ملیۆن لیتر داوە .
هه‌روه‌ها له بواری وزه و کاره‌با و گاز ، له نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی فیدراڵ گفتوگۆ هەیە و له‌م ڕووه‌وه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئاماده‌باشی نیشان داوه بۆ هەماهەنگیی کارکردن، سه‌باره‌ت به‌م دۆسییەیە .
ئێمە پێموانوایە پەسەندکردنی یاسای نه‌وت وگاز و هه‌موارکردنی یاساکانی وه‌زاره‌تی نه‌وت و کۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی و کۆمپانیای به بازاڕکردنی نه‌وت (سۆمۆ ) ، به شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌ستوور گونجاو بێت. چارەسەریی بەشێکی زۆری ئەو کێشانە دەکات کە پەیوەندیدارن بە نەوت و گازەوە.
چواره‌م: دۆسییەی هێزی پێشمه‌رگه :
شاندی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل حکومه‌تی فیدڕاڵ‌دا کردووە و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، له‌سه‌ر گرنگیی هەماهەنگیی و کاری هاوبه‌ش، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی و دەستەبەرکردنی شایسته‌کانی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن حکومه‌تی فیدڕاڵه‌وه لە گفتوگۆدان.
سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منی و عه‌سکه‌ری، رێککه‌وتنێک کراوه له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و لایه‌نە پەیوەندیدارەکانی حکومه‌تی فیدراڵی، بۆ دروستکردنی شه‌ش ناوه‌ندی هاوبه‌شی زانیاریی له دیالا و که‌رکووک و مه‌خموور و موسڵ و هه‌ولێر و به‌غدا. هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی کاری هاوبه‌ش و ئۆپەراسیۆنی هاوبه‌ش، له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق لە ئارادایە ، به‌ڵام تا ئێستا ده‌ستبه‌کار نه‌بوون وبڕیاره‌کان نه‌چوونه‌ته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه و گفتوگۆکان لەمباریەوە بەردەوامن.
سه‌باره‌ت به مووچه و شایستە داراییەکانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش ، ئه‌گه‌ر چی ساڵانه له بودجه‌کانی عێراقدا بڕه بودجه‌یه‌ک بۆ هێزی پێشمه‌رگه داده‌نرێت، به‌ڵام بەداخەوە، دواتر به بیانووی جیاجیای ناقانوونی و به‌بێ هیچ پاساوێک، خەرج ناکرێت ، بۆ بودجه‌ی ساڵی 2020 له ئەنجامی دانوستانی شاندی حکومه‌تی هه‌رێم، له بودجه‌ی عێراقدا، هێزی پێشمه‌رگه وه‌ک هێزه هاوشێوه‌کانی، لە ناو خه‌رجییە سیادییه‌کان جێگەی بۆ کراوەتەوە . هیوادارین له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بکرێت و ئاسته‌نگی بۆ دروست نه‌کرێت.
ئومێدەوارم هەردوولامان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، ئەو کەشە ئەرێنی و ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەین کە ئێستا لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرس و کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور. چونکە چارەسەکردنی کێشەکانی نێوانمان و هەبوونی پەیوەندییەکی بنیاتنەرانە و هاوبەشانە لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، فاکتەرێکی زۆر گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی عێراق و ناوچەکەیە و لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقیشدایە.
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان:
پەرلەمانتارانی بەڕێز :
ئەمە ئەو زانیاریی و بەرچاوڕوونیانە بوون کە بە پێویستم زانی، ئەمڕۆ بۆ ئێوەی بەڕێزی بخەمەڕوو. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە داتا و وردەکاریی پێویستەوە، کۆی چالاکیی و زانیارییەکان دەخاتە بەردەستی ئێوەی بەڕێز و ڕای گشتی .
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ تێگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخە سەختە و ئەو ئاستانگانەی ئێستا ڕووبەڕوومان بوونەتەوە. دڵنیام بە پشتیوانیی و هاوکاریی و پشوودرێژی ئێوەی بەڕێز، ئەم ڕۆژە سەختانەش تێدەپەڕێنین و هەرێمی کوردستان ، بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت.
هەر شاد و تەندروست بن .




