ئەو بڕە پارەی سەرۆکی حکومەت خەرجی کردووە بێ جیاوازی بەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێم دابەش دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە بەردەوامی پاڵپشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ روبەروبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا دوای رەزامەندیدان، سێ ملیار دیناری دیکە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئێمە خەرج کرا.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شەخسی سەرۆکی حکومەت، بەردەوام پاڵپشت و ھاوکار بووە، بۆیە ھەمیشە ئەگەر پێویستمان بە ھەر شتێک بووە بۆی دابین کردووین.
وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، پێویستە چۆن ئێمە بەردەوام ھەوڵی رێگریکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایروس و ھەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا دەدەین، ھاوڵاتیانیش ھاوکاربن و خۆیان بپارێزن و پابەندی رێنمایەکان بن.
بەرزنجی ڕوونیشی کردەوە، بە فەرمان و بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٣ملیار دیناری دیکە بۆ وەزارەتی تەندروستی دوای رەزامەندی خەرج کراوە و ئێمەش بەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی خەرجی دەکەین و پشکی ھەموو ناوچەکان دەدەین ھەر وەک چۆن پێشتریش ھەر وابووە.
بڵند ئیبراھیم




