بابەكر زێباری: پێویستە خەڵكی خراپكار لە ناوچەكانی نزیك كوردستان دوور بخرێنەوە

هەولێر-KDP.info- هەفتەی رابردوو چەند مووشەكێك لە سنووری ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق و لیوایەكی سەر بە حەشدی شەعبی، ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر كران و دواتر ھەرێمی كوردستان بە توندی پەیامێكی ئاراستەی بەغدا كرد، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، پێویستە خەڵكی خراپكار لە ناوچەكانی نزیك ھەرێمی كوردستان دوور بخرێنەوە.
بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەئامانجگرتنی ھەرێمی كوردستان لەلایەن خراپكارانەوە، پەیامێكی مەترسیدارە و كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبێت، چونكە ئەو ھەوڵە ترسنۆكانەیە، لە كاتێكدایە كە ئەمەریكا دەیەوێ باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا هەڵبگرێت و ھەندێ خەڵك و گرووپی ناو عێراقیش دەیانەوێ كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێنەوە".
راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئێستا رەوشی عێراق بە گشتی و بەغدای تایتەخت بە تایبەتی ئاڵۆزە و لە ڕووی ئەمنییەوە مەترسیدارە، ئەگەر بۆیان بچێتە سەر ھەندێ خەڵك ھەیە دەیەوێ ئاڵۆزییەكانی عێراق بگوازنەوە ھەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمە شتێكی مەحاڵە و ئەمنییەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق بەراورد ناكرێت و ھەرگیز كوردستان نابێتە بەغدا".
زێباری روونیشی كردەوە: "پەیامی ھەرێمی كوردستان لەبارەی ھێرشەكەی سەر ھەولێر ئاشكرایە و خۆم لەگەڵ ئەوەدام ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھەماھەنگی بكەن ھەندێ ھێز و كەس ھەنە لە ھێڵی تەماس و ناوچەكانی سنووری نێوان ھەرێم و بەغدا لابدرێن، لەبەر ئەوەی ئێمە نایشارینەوە لەنێو ھەندێ گرووپ و ھێزی عێراقی، خەڵكی خراپكار ھەن و نابێت ئەو خەڵكانە لەو سنوورانە بمێنن، ئەمە باشترین چارەسەرە و پێویستە ئەو خەڵكانە دەربكرێن لەو سنوورانە، بۆ ئەوەی رووداوی ھاوشێوەی هەفتەی رابردوو دوبارە نەبنەوە".
قائید میرۆ




