٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێش کۆتاییی ئەم مانگە ڕێگای ڕۆڤیا کۆتاییی دێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو ئۆتۆبانی دھۆک- ھەولێر لە سنووری دھۆک کۆتاییی بێت و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێت، تا ئێستا ٩٧%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و تەنیا ٣%ی ماوە.

ئەندازیار ئاراس جەمال، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕێگای ڕۆڤیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ئۆتۆبانی ڕۆڤیا بۆ پردی گوپاڵ درێژییەکەی ٢٢ کیلۆمەترە و لەلایەن کاڤین ‌گرووپ جێبەجێ دەکرێت، تا ئێستا نزیکەی ٩٧%ی پڕۆژەکەمان جێبەجێ کردووە و تەنیا ٣%ی ماوە، ئەویش لە چەند ڕۆژی داھاتوو کۆتاییی دێت و پڕۆژەکە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین."

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕێگای ڕۆڤیا دەشڵێت: "ئۆتۆبانی دھۆک سێ چین قیڕ کراوە و چینی سێیەم بەرەو کۆتایی دەچێت، لەگەڵ ھەموو مەرجەکانی ڕێگاوبان و سەلامەتی جێبەجێ دەکرێن و لەدوای ٢٠ی مانگەوە پڕۆژەکە بە تەواوەتی ھیچ کێشەیەکی نامێنێت و ئامادەیە بۆ بەکارھێنان.''

ئەندازیار ئاراس جەمال ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەی ڕێگای ڕۆڤیا بە ستاندەری جیھانی دروست کراوە و بە تەواوبوونیشی ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ڕێگاوبانەوە، بەتایبەتی ئۆتۆبانی ھەولێر-دھۆک ڕێگاکە زۆر کورت دەکاتەوە بۆ ھاووڵاتییان و دەتوانن ڕێگایەکی سەلامەت بەکار بێنن."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار