٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پاسەوانێکی بارزانی نەمر: بارزانی نەمر بە موعجیزە لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ ڕژێمی ئەوکاتی عێراق هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی نەمری دا وەک سەرکردەی گەورەترین شۆڕشی کورد و بارزانی نەمر و یاوەرانی لە ڕووداوی تیرۆرکردنەکەدا ڕزگاریان بوو. پاسەوانێکی بارزانی نەمر لەوبارەیەوە دەڵێت، بارزانی نەمر بە موعجیزە دەرچوو لەو پلانەدا و تەنیا دوژمن خۆی لەناو چوو.

محەمەد ئەمین عومەر ھۆستانی، پاسەوانی بارزانی نەمر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە ڕووداوی تیرۆرکردنی بارزانی نەمر لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکات و دەڵێت: "بارزانی نەمر خۆی پیاوێکی ئایینی بوو، زۆریش ڕێزی لە مامۆستایانی ئایینی دەگرت، مامۆستایانی ئایینی جێگەی تایبەتیان ھەبوو لای بارزانی نەمر، ڕژێمی ئەوکاتی عێراق زۆر هەوڵی دا پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی بارزانی نەمر دابنێت، ئەو ڕێزگرتنەی بارزانی نەمر بۆ مامۆستایانی بە دەرفەت زانرا تا لەو ڕێگەیەوە هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی بدرێت."

پاسەوانەکەی بارزانی نەمر گوتی: "ڕژێم شاندێکی پێک ھێنابوو بۆ ئەوەی سەردانی بارزانی نەمر بکەن لە بارەگاکەی خۆی، شاندەکە لەبیرمە دوازدە کەس بوون لەگەڵ دوو شۆفێر، بەپێی لێکۆڵینەوەی ئەوکاتی شۆڕش لە ڕووداوەکە، ھەموویان لە پیلانەکە تێوە گلابوون تەنیا دوو مامۆستای ئایینی ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون، ئینجا نازانین کەسانی ئەمنییش تێدا بوونە خۆیان بە مەلا ناساندووە، یان نا."

لەبارەی کۆبوونەوەی بارزانی نەمر لەگەڵ شاندی مامۆستایانی ئایینی و تەقینەوەکەی ژووری کۆبوونەوەکەیان، محەمەد ئەمین ھۆستانی ڕوونی کردەوە: "کاتێک شاندەکە گەیشتنە بارەگا، پێشوازیی گەرمیان لێ کرا و ھەموویان چوونە ژوورێکی تایبەت لەگەڵ بارزانی نەمر، دکتۆر مەحموود عوسمانیش یاوەریی بارزانی نەمری دەکرد لە پێشوازیی شاندەکە، کاتێک چایچی بارەگا چای بردە ژووری میوانان، یەکسەر دەنگی تەقینەوە ھات و ڕووداوەکە ڕووی دا."

ھۆستانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕووداوەکە خۆکۆژی بوو دوو لە مامۆستایانی ئایینی ماددەی تەقەمەنیان لە خۆیان بەستبوو، یەکسەر ئێمەی دەستەی پاسەوانان گەیشتینە ژوورەوە بینیمان ھەموویان کوژراون و خۆم بە چاوی خۆم بینیم یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی بە تیپ (لەزگە) تەقەمەنیی لە ڕانی خۆی بەستبوو، زۆربەیان پارچە پارچە ببوون، لەوکاتەدا بارزانی نەمر جگەرەیەکی پێشکەش بە میوانەکانی کردبوو، خۆیشی جگەرەیەکی داگیرساندبوو، لە کاتی تەقینەوەکە چووینە ژوورەوە ھێشتا جگەرەکەی بارزانی لەسەر تەبلەکەی نەکوژابووەوە."

  محەمە ئەمین ھۆستانی گوتیشی: "لەو هەوڵەی تیرۆرکردنیدا بارزانی نەمر بە موعجیزە ڕزگاری بوو، خوا پشت و پەنای بووە، ھیچ کەس لە ئێمە وەک بارەگای بارزانی شەھید نەبووین و ھەموومان سەلامەت دەرچووین، بەڵام ١٧ کەسمان بریندار بوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش."

محەمەد ئەمین عومەر ھۆستانی لە ساڵی ١٩٤٥  لە گوندی ھۆستانی دەڤەری بارزان ھاتووەتە دنیا و وەک خۆی دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە و پاسەوانی بارزانی نەمر بووە. باوکی محەمەد ئەمین بە ناوی عومەر ھۆستانی یاوەریی بارزانی نەمری کردووە بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ١٣ ساڵ ئاوارە بووە.

دیمانە: قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار