دكتۆر عەلا مەكی بۆ KDP: كوردەكان تاپۆیان ھەیە.. كارێكی دكتاتۆرانە بووە

بەغدا-KDP.info- سەركردەیەكی سوننەكان رایدەگەیەنێت، پێویستە چیتر كێشەی ناوچە كوردستانییەكان بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەھێندرێت و كێشەكە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارە بكرێت. دەشڵێ، ئەو زەوییانەی لە ناوچەكە ھەن، موڵكی كوردەكان خۆیانە و تاپۆیان ھەیە، بۆیە پێویستە بۆیان بگەڕێندرێنەوە.
سەركردەی سوننەكان و ئەندامی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی، دكتۆر عەلا مەكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان مافی خۆیان ھەیە و خاوەن زەوی و موڵك و ماڵی خۆیانن، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا ھەندێك دەستوەردانی سیاسی لەو ناوچانەدا كراوە، كە كارێكی دكتاتۆرانە بووە لەو ناوچانە ئەنجام دراوە، بۆیە پێویستە بە لێكتێگەیشتن ئەو كێشەیە چارە بكرێت و ئەوەی زیانی بەركەوتووە، قەرەبوو بكرێتەوە و ئەوەی خاوەنی زەوییشە، زەویەكانی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
مەكی گوتیشی، ئەگەر حكوومەت جیددی بێت و فشاری سیاسی ھەبێت، دەتواندرێت ئەو كێشەیە بە ئاسانی چارە بكرێت، چونكە ناكرێت دۆخی ئەو ناوچانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە چارە بكرێت.
ئەو سەركردەیەی سوننەكان باسی لەوەش كرد، لە دوای ٢٠٠٣ـوە ئەو كێشەیە ھەیە و چارە نەكراوە، بۆیە ئەوانەی خاوەن تاپۆی زەوییەكانن، كە كوردن، ناكرێت مافیان بخورێت و پێویستە مافیان بۆ بگەڕێتەوە، چونكە ئەوان خاوەنی رەسەنی ئەو زەوییانەن و ناكرێت بێبەش بكرێن و پێویستە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێندرێتەوە.
دەشڵێ، پێویستە چارەسەرێكی پێویست و مامناوەند بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە و بەڵگەكان ھەموو بخرێنە ڕوو و بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەھێندرێن، چونكە ناكرێت مافی خەڵك بەسیاسی بكرێت و ھەندێك لایەن بۆ مەرامی سیاسی ئەو كێشانە بەكار بهێنن.
بڵند ئیبراھیم




