٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتالیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29/9/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز لۆرێنزۆ گوێرینى، وه‌زیرى به‌رگریى ئیتالیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌یه‌كدا دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجووڵه‌كانى داعش تاوتوێ كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستیى به‌رده‌وامیى كارى هاوبه‌ش و ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق كرده‌وه‌ تا دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ له‌ناوچوونى یه‌كجاره‌كیى داعش. هاوڕا بوون كه‌ هێشتا عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستیان به‌ هاوكارى و پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و له‌مباریه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى به‌رگریى ئیتالیا به‌رده‌وامیى پشتگیرى و هاوكاریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئیتالیا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا هاوكاریى سه‌ربازى و مرۆیى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كردووه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئیتالیاى كرد كه‌ ڕه‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هێزه‌ ئیتاڵییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دا و سڵاوى بۆ یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ى سه‌ربازانى ئیتالیا له‌ هه‌رێمى كوردستان نارد.

ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى دۆخى عێراقیش سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان ده‌ڕوانێت و گوتى: “ئه‌ركى نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى عێراق گرنگ و پێویسته‌ و بۆ هاوكارى و پشتگیرییه‌ له‌ عێراق و ده‌بێت سه‌لامه‌تى و ئاسایشیان بپارێزرێت، هه‌رێمى كوردستانیش هه‌موو پشتگیرییه‌ك له‌ هه‌نگاو و ڕێكاره‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز مسته‌فا كازمى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كات”.

دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و سوودوه‌گرتن له‌ ئه‌زموونى ئیتالیا له‌مباره‌یه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى كاروباری پێشمه‌گه‌ ئاماده‌ى بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار