د. نزار عسمەت: پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییی خۆپارێزی بن
__2020_09_28_h15m21s28__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- چەند ڕۆژێکە شەپۆلی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆک گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دھۆکیش ھۆشداری دەدات لەوەی هاووڵاتییان خۆپارێزی نەکەن و ڕێژەکە بەرز ببێتەوە.
د. نزار عسمەت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە نەخۆشخانەکانی دھۆک بەگوێرەی پڕۆتۆکۆل توشبووانی کۆرۆنا چارەسەر دەکرێن، ئامێر و چارەسەری پێویست دابین کراوە، بەداخەوە ڕێژەی مردن گەیشتووەتە ٢% و ئەوەش ھۆکارەکەی بۆ زیادبوونی ڕێژەی توشبوونی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، پێداچوونەوەمان بە ڕەوشی تەندروستیدا کردووە و ھەرچی پێویست بێت ڕێکاری چارەسەری دەگرینەبەر.
تا ئێستا لە پارێزگای دھۆک ١١ھەزار و ٥٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٢٢٦ ھاووڵاتیش بەوھۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک گوتی: "تا ئێستا ٥٦٨ کارمەند و پزیشک لە ناوەندەکانی چارەسەرکردن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و چوار لەوانەش بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، ئێمە بەھۆی زۆریی ژمارەی نەخۆش، نەخۆشخانەی ئازادیی شاری دھۆک تایبەت دەکەین بە چارەسەری کۆرۆنا".
د. نزار عسمەت ڕوونی کردەوە: "پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی ئەوەیە نەخۆشخانەی ئازادی تەرخان بکرێت بۆ نەخۆشەکان و تەنیا تایبەت نەبێت بە چارەسەری کۆرۆنا، چەندین کارگەی بەرھەمھێنانی ئوکسجین زیاد کراون و لە زۆربەی نەخۆشخانەکان دەمانەوێت ئوکسجینی مەرکەزی جێبەجێ بکەین."
دکتۆر نزار عسمەت داوای لە هاووڵاتییانی دھۆک کرد، تا بکرێت خۆیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆرۆنا خۆیان کەرەنتین بکەن و لە کاتی پێویست سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری."
لەبارەی ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆوە، دکتۆر نزار عسمەت دەڵێت: "ئێمە وەک تەندروستی لەگەڵ ئەوەداین قەدەغەی ھاتوچۆ ڕابگەیەندرێت، چونکە ھاوکارمان دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی توشبوون، بەداخەوە ڕۆژانە زۆرترین ڕێژەی توشبوونی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆکە."
قائید میرۆ




