گەیلان حاجی سەعید: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھەرێم و توركیا گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز

هەولێر-KDP.info- شاندێكی بازرگانیی توركیا، سەردانی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستانی كرد و لە دوای كۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی ھەرێم و توركیا، بەرپرسێكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان ئاشكرای كرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا، لە ئاستێكی بەرزدایە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ شاندێكی بازرگانیی توركیا لە ھەرێمی كوردستان كۆبووینەتەوە لەبارەی رەوشی بازرگانی لەگەڵ عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە قۆناغی ئێستادا دەبێت جیاواز بێت و كۆنسووڵی بازرگانیی توركیا ئەوەی دووپات كردەوە كە ھاوكار دەبن لەگەڵ بازرگانانی ھەرێمی كوردستان بۆ زیاتر پەرەپێدانی بواری بازرگانی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای دراوسێ".
بەرپرسەكەی یەكێتیی ھاورد و ھەناردەكاران گوتیشی: "ئاماری دروست لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و توركیا لە بەردەستدا نییە، چونكە بە ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە قەبارەی بازرگانی گۆڕانكاریی بەسەردا ھاتبوو، بەڵام لە دوای نیوەی ئەمساڵ رەوشەكە زۆر پێشڤەچوونی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئاستێكی بەرزدایە و ئومێدمان وایە بگاتە ئاستی ساڵی رابردوو، كە ١٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و عێراق ھەبووە".
حاجی سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "توركیا دەتوانێ لە رێگەی تەكنەلۆژیا و كارگەكانییەوە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكات، ھیچ رێگرییەكیش لە بەردەم بازرگانانی ھەرێمی كوردستاندا نییە بۆ سەردانی توركیا، سەرەڕای رێوشوێنەكانی خۆپارێزی بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كارئاسانیی تەواو بۆ بازرگانان دەكرێت".
قائید میرۆ




