لە ھەولێر گۆرانکاری لە پۆستێکی دیکە دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی پارێزگا کۆدەبیتەوەو تێیدا دەنگ لەسەر کاندیدی نوێی قایمقامی قەزای سۆران دەدرێت وقایمقامێکی نوێ بۆ ئەو قەزایە دیاری دەکرێت.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رۆژی چوارشەممە کۆدەبێتەوە، پارێزگاری ھەولێر نووسراوێکی بۆمان ناردووە بۆ ئەوەی گۆرانکاری لە پۆستی قایمقامی قەزای سۆران بکرێت و کاندیدی پێشنیارکراو لەلایەن پارێزگای ھەولێر (ھەڵگورد نەجیب عوسمان)ه.
عەلی رەشید گوتیشی، ئەو کاندیدەی کە دیاری کراوە بۆ پۆستی قایمقامی قەزای سۆران خۆی کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە بووەو پێشتر پۆستی نەبووە، کرمانج عزەتیش قایمقامی ئێستای سۆران دەبێتە راوێژکار، بەڵام ھێشتا شوێنی بۆ دیاری نەکراوە لە چ شوێنێک دەوام بکات.
وتیشی، ئەو گۆرانکاریە لە چوارچێوەی گۆرانکارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە لەماوەی ڕابردووش چەندین گۆرانکاری کردووە.
بڵند ئیبراھیم




